کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتنی بێ‌ئاکامی ڤییەن/ قورسترکردن و درێژەی گەمارۆکان

15:19 - 4 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: لە دوایین خولی دانوستانە ناوکییەکانی گرووپی ١+٥ لەگەڵ رێژیمی ئێران، هیچ رێکەوتنێک نەکرا و دانیشتنەکان هەتا ١٠ی پوشپەڕی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی درێژکرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرەوپێشنەچوون لە دانوستانەکان، هێڵی سووری دیاری کراو لەلایەن رێژیمی ئێران بۆ گرووپی دانوستانکار، چەم هەڵنەگریی رێژیم، روون نەکردنەوەی بەرنامەی ناوکی و لایەنە نیزامییەکانی و هەروەها وڵام نەدانەوەی پرسیارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی بوو بەهۆی درێژکردنەوەی ٧ مانگەی دانوستانە ناوکییەکان.

رۆژی دووشەممە، رێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، دوایین رۆژی ئەو خولە ٦ مانگە بوو کە بۆ بەدەستهێنانی رێکەوتن لە دانوستانە ناوکییەکان لەلایەن دوولایەنی دانوستانکار دیاری کرابوو؛ بەڵام ئەم دانوستانانە هەر وەک شرۆڤەکاران و کارناسانی سیاسی پێشبینیان کردبوو، بە ئاکام نەگەیشت و بۆ ماوەی ٧ مانگیتر درێژکرایەوە.

لابردنی سەرجەم گەمارۆ ئابوورییەکان کە یەکێک لە ویستە سەرەکییەکانی رێژیمی ئێران بوو و دابەزینی رادەی پیتاندنی ئۆرانیوم رێژیمی ئێران کە ویستیی سەرەکیی لایەنی بەرانبەر ئەژمار دەکرا، لە ماوەی یەک حەفتەی دانوستانەکان لە ڤییەن وەک خۆی مایەوە و بێ چارەسەری کۆتایی پێهات.

دانوستانی کارناسیی نێوان لایەنە دانوستانکارەکان لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە سەرلەنوێ دەستپێدەکات.

کۆماریخوازەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە لە دوایین هەڵبژاردنی ئەم وڵاتەدا، زۆرینەیان بە دەستەوەیە، رایانگەیاندووە کە لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی، گەمارۆی ئابووریی قورستر بەدژی رێژیمی ئێران پەسەند دەکری.

کارناسانی سیاسی لە سەر ئەو باوەڕەدان کە رێژیمی ئێڕان بە درێژ کردنەوەی دانوستانە ناوکییەکان، لە هەوڵی کڕینی کاتە بۆ بەدەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی.