کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا/ سەردانی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەفتەری میشل گریشام

19:22 - 5 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، سەردانی بارەگای ئەندام کۆنگرە میشل گریشامی کرد و لەگەڵ جان ریچێر بەرپەرسی ئەو بەشە کۆ بووەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئارەش ساڵح، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا سەردانی دەفتەری ئەندام کۆنگرە میشل گریشامی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا نوێنەری حیزب بە ئاماژە بە دواخستنی دیسانەوەی وتوووێژە ناوەکییەکان وتی: دوژمنایەتی ئێران لەگەڵ دونیای دێموکرات بەشێکە لە چییەتی ئەو رێژیمە و دژایەتییەکە لەگەڵ بنەماکان و بەهاکان دا.

هەروەها وتی: ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە مێژووی خۆماندا نیشانمان داوە کە هەڵگری بەهای هاوبەشین لە لەگەڵ دونیای دێموکرات؛ بۆیە بەشێکی هەرە زۆری دوژمنایەتی ریژیمی ئیسلامیی ئێران و هێزە نادێموکراتیکەکان لەگەڵ کورد بە گشتی و حیزبی دێموکرات بە تایبەتی لە بەر ئەو بەها بنەماییەیە کە هەڵمان گرتووە و ئەو بەرنامە سیاسیەیە کە بۆ چەسپاندنی ئەو بەهایانە لە ناو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیڕەوی دەکەین.

لە درێژەدا ئارش ساڵح وتی: رێژیمی ئێران لە هەموو توانایی و ئامڕازەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێ کە سەقامگیری ناوچەکە بشێوێنێت هەتا بتوانێت لە پێناو بەرنامە گشتیەکەی خۆیدا کەڵکاژۆی لێ بکات و هەر بۆیە شەڕ و هەرایەی لە ناوچەکەدا پێکی هێناوە.

نوێنەری حیزب لە کۆتاییدا سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی رێژیم سەبارەت بە مافی مرۆڤ باسێکی پێشکەش کرد و داوای کرد کە پێویستە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی جیدیتر لەسەر ئەم پرسە زەخت بخاتە سەر رێژیمی ئیسلامیی ئێران.

لە کۆتاییدا جان ریچێر وێڕای سپاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ئەو چاوپێکەوتنە وتی ئێمە گرینگی ئەم کێشانەمان لە بەر چاوە و بە دڵنیایەوە پێمان خۆشە بە یارمەتی ئێوە لە سەر ئەو بابەتانە کار بکەین؛ بۆیە داوای کرد کە ئەم پەیوەندییە بەردوام بێت و حیزبی دێموکرات بتوانێت ئەوان بەردەوام لە شێوە روانینی خۆی ئاگادار بکاتەوە.