کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگانە زیاتر لە ٤٦٤ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای سنە بە هۆی رووداوی هاتوچۆ بریندار دەبن

15:57 - 6 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، رووداوەکانی هاتوچۆ لە ئاستی پارێزگای سنە، بریندار بوونی ٣ هەزار و ٢٥٠ هاووڵاتیی کوردی بەدواوە بووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە ئاماری پزشکیی یاسایی پارێزگای سنە، رووداوی هاتوچۆ لە حەوت مانگی سەرەتای ئامساڵ لەو پارێزگایە، لانیکەم ٣ هەزار و ٢٥٠ هاووڵاتیی کوردی بریندار کردووە.

ئامارە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە لە ماوەی حەوت مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، ناوی دوو هەزار و ٣١٢ کەس لە بریندار بووان پیاو و لە ٩٣٨ حاڵەتی دیکەش، ناوی ژنان تۆمار کراوە.

بە لەبەرچاو گرتنی بەرز بوونەوەی رووداوی هاتوچۆ لە ٥ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە پارێزگای سنە، ٢ هەزار و ١٨٦ کەس بریندار بوون و لە مانگی خەرمانان و رەزبەریشدا، رێژەی برینداربوانی رووداوی هاتوچۆ زیادی کردووە.

هاتوچۆی ماشینە نەوت هەڵگرەکان لە رێگای مەریوان، سنە، کامیاران و کرماشان بووەتە هۆی نالەباربوونی بارودۆخی رێگەوبانەکان لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا و ئەو رێگایانە، هەتا ئێستا نوژەن نەکراونەتەوە کە ئەمەیش کاریگەرییەکی زۆری لە سەر رووداوی هاتوچۆ داناوە.