کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ناوخۆیی سووریە لە دووتۆی ئامارەکاندا

20:41 - 6 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: ئاماری قوربانییانی شەڕی ناوخۆیی سووریە، پاش ٣ ساڵ لە دەستپێکی ئەم شەڕە، هەروا لە بەرزبوونەوە دایە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، والری ئاموس، بەرپرسی کومیتەی مرۆڤ‌دۆستانەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامارەکانی ئەم رێکخراوەی بە درێژایی سێ ساڵ و ٨ مانگ رابردووی شەڕی ناوخۆیی سووریە بڵاو کردەوە.

بەپێی ئاماری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا ١٢ میلیون و ٢٠٠ هەزار هاوولاتیی سووری پێویستیان بە یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە هەیە.

هەروەها، ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی هەتا ئێستا، ئابووریی وڵاتی سووریە لە سەدا ٤٠ دابەزیوە و خەڵکی ئەم وڵاتە لە سەدا ٧٥ی لە ژێر هێڵی هەژاریدا بەسەر دەبن.

لە ماوەی ٣ ساڵی رابردوودا، لە سەدا ٥٠ی خوێندکارانی سووری لە خوێندن وازیان هێناوە.

هەروەها رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەواڵی ئاواەرە و تەریدە بوونی نزیک بە ١٠ میلیون هاووڵاتیی سووری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەم وڵاتە، بڵاو کردەوە.

لەم نێوانەدا، ٧ میلیون و ٦٠٠ هەزار کەس لە نێوخۆی سووریە بێ ماڵوحاڵ و ئاوارە بوون و جیا لەوەش ٣ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار کەسی دیکەش لەو وڵاتە رایان کردوە.

دوایین ئامارە بڵاو کراوەکان لە کوژراوەکانی سووریەش، باس لە گیان لەدەستدانی لانیکەم ٢٢٠ هەزار کەس لە هاووڵاتییانی سووری دەکات.