کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ/ پێشێلکاریی گشتایەتیی خاڵەکانی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە

14:42 - 19 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران سەرەڕای واژۆ کردنی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، خاڵە گشتییەکانی ئەم جاڕنامەی پێشێل کردووە.

١٠ی دێسامبر کە رۆژی پەسەند کردنی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤە، لەلایەن رێکخراوی زانستی، کولتووری و تەربییەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان(UNESCO)  وەک رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ دیاری کراوە.

شەست و شەش ساڵ پێش لە رۆژێکی وەک ئێستا (١٠ی دێسامبری ١٩٤٨ی زایینی = ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٢٧ی هەتاوی) سێ ساڵ پاش دامەزراندنی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ بە ئامانجی پاراستنی مافی مرۆڤ لە بوارە جیاجیاکانی ژیان لە کۆبوونەوەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە پاریس بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا.

لە کوبوونەوەەکی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و گەڵاڵەی پەیمانی جیهانی مافی مرۆڤ، هەشت وڵاتی جیهان وەک وڵاتانی سۆڤیەت، ئوکراین، لەهێستان، یوگۆسلاوی، عەرەبستانی سەعوودی و ئافریقای باشوور بە ئەم رێکەوتننامەیە دەنگی نەرێنییان دا.

ئێران یەکێک لە ئەو وڵاتانە بوو کە دەنگی ئەرێنیی بەو رێکەوتنە فەرمیە دا، بەڵام خاڵەکانی ئەو جاڕنامە نێودەوڵەتیە لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە هیچکات جێبەجێ نەکرا و دەسەڵاتداراەکان بەردەوام خاڵەکانی جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤیان سەرەڕای دەنگدان بۆ پەسەند کردنی، پێشێل کردووە.

جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ لە ٣٠ خاڵدا، سەرجەم مافی بنەڕەتییەکانی فەرهەنگی، مەدەنی، ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤی لە بەر چاو گرتووە و کارناسانی مافی مرۆڤ لەسەر ئەو بڕوایەن کە خاڵەکانی ئەم جاڕنامە جێهانییە، وەک مافە نێودەوڵەتییەکان بایەخ پێدراون.

ناوەڕۆکی جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤ هەتا ئێستا بۆ ٣٠٠ زمانی دنیا وەرگێڕدراوە، بەڵام هەتا ئێستاش خاڵەکانی ئەم جاڕنامە نێودەوڵەتییە لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە وەک وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت ئێران، جێبەجێ نەکراوە.
یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ بە پێجەوانەی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، لایەنی جێبەجێکردنی پێنەدراوە. لەراستیدا جارنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، نەک وەکوو یاسا، بەڵکوو وەکوو بەهایەکی بەرزی مرۆڤایەتی پەسند کراوە.

رێژیمی ئیسلامی پاش بە دەسەڵات گەیشتن لە ئێراندا، هەر لە سەرەتاوە دەستی بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ کردووە و فتوای جیهاد دژی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران لەلایەن خومەینی، رێبەری ئەو کاتی رێژیمی ئیسلامی، نوێنگەی بەرچاوی ئەو پێشێلکاریە دێتە ئەژمار.

ئێعدام و شەهید کرانی هەزاران هاووڵاتیی کورد لە ساڵەکانی دەیەی شەستی هەتاوی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە کە تەنیا لە مافی مرۆیی و نەتەوەیی خۆیان بەرگرییان دەکرد، نموونەیەکیتری ئەو کاولکاریەی رێژیمی ئیسلامییە.

دەستبەسەر کردن، سەرکوت، ئەشکەنجە، ئێعدام و ... لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بەردەوام درێژەی پێدراوە و رەوتی رووی لە هەڵکشان بووە.

پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لە ماوەی چەند سالی رابردوودا لەلایەن کۆڕوکۆمەڵە نێودەوڵەتیەکانەوە رەخنەی توندی لێگیراوە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای لێشاوی رەخنە نێودەوڵەتییەکان، بەردەوام یەکێک لە پێشێلکارترین دەسەڵاتەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا بووە و هەەروایش بە پێشێلکاریی مافی هاووڵاتییان بەتایبەت هاووڵاتییانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران وەک نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران درێژە دەدات.