کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی توندوتیژی دژی هەواڵنێران لە ساڵی ٢٠١٤دا

13:23 - 26 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: رێکخرای هەواڵنێرانی بێ سنوور رایگەیاند لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینیدا توندوتیژی دژی هەواڵنێران زیاتر بووە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور لە ساڵی ٢١٠٤ی زایینیدا ٦٦ هەواڵنێر لە سەرتاسەری جیهاندا کوژراون.

لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا ٦ رۆژنامەوانی ژن کوژراون کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو لە سەدا ١٠٠ زیادی کردووە.

ناوچە شەڕلێدراو و نیزامییەکان زیاترین قوربانیان لێکەوتووەتەوە و لەو نێوەدا سووریە وەک مەرگ‌هێنەرترین وڵات بۆ هەواڵنێران لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا ناسێندراوە.

ئامارەکانی رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور دەرخەری ئەوەیە کە ساڵی رابردووی زایینی ٧١ رۆژنامەنووس کوژراون.

بە هەژمارکردنی ساڵی ٢٠١٤ی زایینی لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ٧٢٠ هەواڵنێر لە جیهاندا کوژراون.

ئاماری رفاندنی هەواڵنێرانیش لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو، لە سەدا ٣٧ بە بەراورد لەگەل ساڵی پێشوو بەرز بووەتەوە و بە ١١٩ هەواڵنێر گەیشتووە.

رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوورهەروەها ئاماری دەستبەسەرکران و رۆژنامەنووسانی لە ساڵی رابردوودا ٨٥٣ کەس راگەیەیاندووە و هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ١٧٨ رۆژنامەنووسی دەستبەسەرکراو لە زیندانەکاندان.
رێژیمی ئێرانیش وەک یەکێک لە توندئاژۆترین حکوومەتەکان لەگەڵ هەواڵنێران هەڵسوکەوتی کردووە.

بەپێی ئاماری رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور، ئێران بە ١٩ هەواڵنێری زیندانی، دوای چین بە ٢٩ و ئێریترە بە ٢٨ هەواڵنێر بەندکراو، سێهەمین زیندانی گەورە بۆ رۆژنامەنووسان هەژمار دەکرێت.

هەروەها رێژیمی ئێران بە زیندانی کردنی ١٠ ژنی هەواڵنێر و وێبنووس یەکێک لە گەورەترین زیندانەکانی جیهان بۆ ژنانی رۆژنامەنووس لەقەڵەم دەدرێت.

ئامارە نیوەفەرمییەکان دەرخەری ئەوەیە کە لە کاتی ئێستادا ٦٤ رۆژنامەنووس و وێبنووس لە ئێران بەندکراون و سەرجەم بە ٤٧٠ ساڵ زیندانی مەحکووم کراون.

رێژیمی ئێران بەردەوام لەلایەن دامەزراوەکانی جیهانی و داکۆکیکاری ئازادی رادەربڕین و چاپەمەنییەکان، وەک گەورەترین دوژمنی ئازادی چاپەمەنییەکان ناسێندراوە و لە پلەبەندی جیهانیدا لە ئاخرین پلە جێی گرتووە.

ماوەیەک پێش ئێستا ئاژانسی هەاڵدەریی کوردپا سەبارەت بە وتەکانی حەسەن رۆحانی کە هیچ هەاڵنێر و رۆژنامەنووسێکی زیندانی لە ئێراندا نییە لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە ١٣ رۆژنامەنووسی کورد لە زیندانەکانی رێژیمی ئێران دان.

بەپێی ئەو راپۆرتە هەنووکە ١٣ رۆژنامەنووسی کورد سەرجەم بە ٧٠ ساڵ زیندانی تەعزیری و هەڵپەسێردراو مەحکووم کراون و ئەو رۆژنامەنووسانە لە زیندانەکانی ئێران دان.

محەممەد سەدیق کەبوودوەند، مەسعوود و خوسرەو کوردپوور، عەدنان حەسەن پوور، کەماڵ شەریفی و قاسم ئەحمەدی لەو رۆژنامەنووسانەن کە ئێستا لە زیندانەکانی رێژیم ماوەی حووکمەکەیان تێپەڕ دەکەن.