کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری حیزب لە كۆبوونەوەی حیزب‌ و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە هەولێر

15:02 - 30 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە هەولێر، سەبارەت بە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد، باسێکی پێشکەش کرد.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێكەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، كۆبوونەوەیەكی بەرینی حیزب ‌و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كە سەرجەم زیاتر لە ٦٥ رێكخراو بوون، لە هوتیل چوارچرای هەولێر پێكهات ‌و محەممەدنەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسی بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، تیایدا بەشدار بوو.

بەرنامەی كاریی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە هەڵسەنگاندنی بار‌ودۆخی سیاسیی باكووری كوردستان ‌و چۆنیەتی بەرەوپێش چوونی پرۆسەی ئاشتی كورد ‌و دەوڵەتی توركیە، ‌و هەوڵدان بۆ لابردنی پ ک ک لە لیستی تیرۆر ‌و ئازاد كردنی عەبدوللە ئۆجەلان سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان.

لە پێوەندی بە رۆژئاوای كوردستانیش، باسێك لەسەر خەبات و خۆڕاگریی رۆڵەكانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان ‌و ئاكامی رێككەوتننامەی دهۆك لەلایەن حیزب ‌و رێكخراوەكانی ئەو بەشەی كوردستان، پێشکەش كرا.

بە پێی ئەم راپۆرتە، لە بارەی رۆژهەڵاتی كوردستانیش، سیاسەتی نكۆڵی لێكردنی رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران لە مەڕ پرسی نەتەوەیی ‌و پێشێلكاریەكانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان ‌و گرتن ‌و ئیعدامی چالاكوانانی سیاسی ‌و مەدەنی باسێك بوو کە لەلایەن نوێنەرانی حیزب ‌و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی رۆژهەڵاتەوە ورووژێندرا.

نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە باسەکانیاندا ئاماژەیان بە مانگرتنی زیندانیان سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە کرد ‌و هەڵویستی سیاسی ‌و شۆڕشگێڕانە ‌و بەرز نرخانی ئەو خۆڕاگری ‌و ئیرادە لە شكان نەهاتووەیان كرد و داوایان لە حیزب ‌و لایەنە سیاسییەكان ‌و رێكخراوە داكۆكیكارەكانی مافی مرۆڤ كرد ئەم سیاسەتەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران مەحكووم بكەن ‌و بە هانای ئەو پۆلە زیندانییەوە بچن كە گیانیان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لە مەترسیدایە.

هەروەها لە پەیوەندیی لەگەڵ باشووری كوردستانیش بەشدارانی ئەو كۆبوونەوە، خەبات ‌و تێكۆشانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان لە شەڕ دژی تاقمی تیرۆریستیی داعش بەرز نرخاند ‌و پشتیوانیی سیاسییان لە سیاسەت ‌و هەڵویستەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەربڕی ‌و پەیامی هاودەردییان بۆ بنەماڵەی شەهیدە سەربەرزەكانی پێشمەرگە گیان بەخت کردوەکان نارد‌ و هێوای سەركەوتنی زیاتریان بۆ بە ئاوات خواستن.

محەممەدنەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەم کۆبوونەوەیە بەشدار بوو و لەم باس ‌و بابەتانەدا بە وردی لەسەر هێڵە سیاسییەكانی كۆبوونەوەکە قسەی كرد.

محەممەد نەزیف قادری، سیاسەتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی لەسەر رەوشی كوردستانی ئێران ‌و بارودۆخی كورد لەو بەشەی كوردستان خستە بەرباس ‌و لەسەر هەوڵەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی بۆ هاوكاری ‌و هاوخەباتی لەگەڵ بەشەكانی دیکەی كوردستان ‌و تێكۆشانی بەردەوامی ئەو حیزبە بۆ پێكهاتنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لەسەر بنەمایەكی واقیعبینانە كە بتوانێ زمانحاڵی پرسی نەتەوەی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان بێ، قسەی كرد و لەو بارەوە جارێكیتر لەسەر سیاسەتی حیزب جەختی كردەوە.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا كۆمەڵێك راسپاردە بۆ كۆبوونەوەی داهاتوو خرایە بەر روانگەی بەشدارانی كۆبوونەوە ‌و كرا بە بەرنامەی كاریی كۆبوونەوەی داهاتووی ئەو حیزب ‌و لایەنە سیاسییانە.