کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی یەکیەتییەکانی لاوان و خوێندکارانی دێموکرات لە مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان

19:57 - 30 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: یەکیەتییەکانی لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پشتیوانیی خۆیان لە بانگەوازی بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی مانگرتن لە خواردنی سەرتاسەری لە کوردستانی ئێران، دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی، رێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، یەکیەتیی خوێنداکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی خۆی لە مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستانی ئێران کە بڕیارە رۆژی دووشەممە ١ی بەفرانبار بەڕێوەبچێت؛ راگەیاند.

11690.jpg

ئەو رێکخراوە لە بەیاننامەکەدا لە بانگەوازی گرووپێک لە چالاکانی مەدەنی و هەڵسووڕاوانی مافی مرۆڤی کورد، بە مەبەستی پشتیوانی و هاودەنگی لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندی ئورمیە، پشتیوانیان کردووە و رایگەیاندووە کە ئێوە لە مێژووی نەتەکەمان ئاگادارن، نەتەوەیەک کە بێگومان لەگەڵ زیندان و ئەشکەنجەی دوژمنانی ئەم نیشتمانە ئاشنایە، سەدان رۆڵەی قارەمانی ئەم نەتەوەیە لە زیندانەکانی رێژیمگەلی جۆراوجۆر، ئەشکەنجە دران و لەسێدارە دران بەڵام لە بەرامبەری داواکاریی ناڕەوای دوژمنان سەریان دانانەواندووە. دیرۆکی ئەم نەتەوەیە، چیرۆکی قارەمانیەتیی خوازیارانی ئازادی و مرۆڤایەتییە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ راگەیاندنی پشتیوانی خۆی لەم بانگەوازە، لە تەواوی خەڵکی کوردستان و خوێندکارانی ئازادیخوازی کورد داوا دەکات کە ئیرادەی نەتەوەیی و هاودەنگیی نەتەوەی کورد بۆ هەموان و رێژیمی ئێران بخەنەڕوو و رابگەیەنن هەتا سەرکەوتنی کۆتایی راناوەستین.

11689.jpg

هەر لەم پەیوەندییەدا، دەستەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش لە بەیاننامەیەکدا لەو مانگرتنە سەرتاسەریەی کوردستانی ئێران پشتیوانیی کردووە و لە لاوانی کوردستانی ئێران داوای کردووە کە رۆژی دووشەممە ١ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، لەگەل زیندانیانی سیاسی کوردی زیندانی ناوەندی ئورمیە رێژیمی ئێران بخەنە ژێر گوشارەوە.

لە بەیاننامەی رێکخراوی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەروەها لە ناوەند و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها کۆمەڵگای جیهانی داوا کراوە کە لە پێناوی پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی زیندانیانی سیاسیی کورد، زەخت بخەنەسەر رێژیمی ئێران.

هەروەها لە درێژەی ئەم بانگەوازەدا رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، وەک رۆژی هاودەنگی و هاودڵی لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندی ئورمیە راگەیەندرا و لە خەڵکی کوردستان داوا کراوە کە لەگەڵ مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستانی ئێران، ئیرادەی نەتەوەیی و هاودەنگی نەتەوەی کورد بۆ هەموان و رێژیمی ئێران بخەنەڕوو.

بازاڕه‌كانی نێوشاره‌كانی كوردستان دابخرێت، خه‌ڵك له‌هاتنه‌ده‌رێ بۆ نێو شه‌قام و بازار خۆ ببوێرن، خه‌ڵكی دانیشتوانی گوندەکانی كوردستان له‌هاتن بۆ نێوشاره‌كان خۆ ببوێرن و چالاكانی مه‌ده‌نی، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی كوردستان سێ رۆژ مان له‌خواردن بگرن، کوردەکانی دانیشتووی وڵاتانی ئورووپایی لە رێکخراوی نێودەوڵەتییەکان و شۆرای مافی مرۆڤی پارلەمانی ئەو وڵاتانەی کە دانیشتووی ئەوێن، خوازیاری پشتیوانی ئەم بانگەوازەبن.