کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییانی خەڵکی سنە و سەقز لە زیندانیانی سیاسیی کورد پشتیوانییان کرد

14:18 - 1 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: درێژەی مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ئورمیە، هاودەنگی و پشتیوانیی هاووڵاتیانی کوردی لە کوردستان بە دواوە بوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەووتی ٢٩ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، پاش بڵاو کردنەوەی بانگەوازی گرووپێک لە چالاکانی مەدەنی و هەڵسووڕاوانی مافی مرۆڤی کورد، بە مەبەستی پشتیوانی و هاودەنگی لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندی ئورمیە، هاووڵاتیانی کورد لە کوردستانی ئێران لەم بانگەوازە پێشوازییەکی بەرچاویان کرد.

بەپێی ئەو راپۆرتەی کە کەمپەینی ئەمڕۆ ئورمیە دڵی کوردستانە بڵاوی کردوەتەوە، هاووڵاتیانی کورد تراکت و پۆستێری تایبەت بە مانگرتنی سەرتاسەرییان بڵاو کردەوە.

ئەم راپۆرتە باس لەوە دەکات کە لە بازاڕی شاری سەقز، ئوستادی شیرازی، بەهارستان (حەماڵاوا) و شارەکی جیهاد چالاکی پەیوەندیدار بەڕێوەچووە.

هەروەها، لە شاری سنە، هاووڵاتییانی کورد لە مانگرتن لە خورادنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ئورمیە پشتیوانییان دەربڕیوە.

راگەیاندنی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی کورد لە کوردستانی ئێران و بانگەوازی چالاکانی مەدەنی بۆ راگەیاندنی مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستانی ئێران، پاشەکشە و بەڵێنیی بەرپرسانی رێژیمی ئێرانی بۆ جێبەجێ کردنی داواکارییەکانی ئەو بەندکراوانە بەدواوە بوو.

ئەمڕۆ بەرپرسانی زیندانی ئورمیە ئەم بەڵێنەیان داوە، بەڵام هەتا ئێستا زیندانیانی سیاسی دەستیان لە مانگرتن هەڵنەگرتووە و بەردەوام خوازیاری جێبەجێ کردنی سەرجەم داواکارییەکانیان.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا، جەختی لە سەر ئەوە کرد کە هەتا ئێستا ئەم بەڵێنەی رێژیم بۆ جیا کردنەوەی زیندانیانی سیاسیی کورد جێبەجێ نەکراوە و رایگەیاند: هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە دەست هەڵگرتن لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی بڵاو نەکراوەتە و دەوترێت کە مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسی بەردەوامە.

زیندانییەکی پێشووی سیاسیی کورد لەم پەیوەندییەدا بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاندووە: لەم جۆرە حاڵەتانە کە میدیا و کردەوەی هاووڵاتییان و چالاکانی مافی مرۆڤی زەخت دەخەنە سەر رێژیم، بەرپرسانی قەزایی و ئەمنییەتی بە دانی بەڵێنی هەوڵ دەدەن کە بارودۆخی فەزای گشتی کۆنترۆڵ بکەن.