کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کورد بە وادەی جێبەجی کردنی داواکارییەکانیان لەلایەن بەرپرسانی زیندان، کۆتایی پێهات

20:10 - 3 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: دوای ٣٤ رۆژ، زیندانیانی سیاسیی کورد بە جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە، کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا.


ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە نێو ئەو هەواڵ و راپۆرتە ناڕوون و دژبە یەکانەی کە لە بارەی کۆتایی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە بڵاو دەبوونەوە، چارەنووسی راست و بەڵگەمەندی سەبارەت مانگرتوانی سیاسیی کورد خستەڕوو.

بەپێی راپۆرتی ئەم هەواڵدەرییە، زیندانیانی مانگرتوو کە هەر کام لەوان بیرێکی جیاوازی سیاسییان هەیە، دوای ٢٤ کاتژمێر ناکۆکی لە سەر کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەیان لە خواردن، کۆتایی پێهاتنی ئەو هەوڵەیان راگەیاند.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە زاری چەند کەس لە بنەماڵەی زیندانیان و پارێزەری هەندێک لەو زیندانیانە و بەپێی ئەو بەڵگانەی لە بەر دەست دایە؛ ناکۆکیی بیروڕای زیندانیانی سیاسی لە سەر کۆتایی هێنان بەو مانگرتنەی پشتڕاست کردووەتەوە.

بەپێ راپۆرتی ئەو ئاژانسە هەواڵدەرییە، بەرپرسانی زیندان و دەزگای قەزایی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەڵێنیان بە زیندانیانی سیاسیی کورد داوە کە هەندێک لە داواکارییەکانی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە جێبەجێ بکەن.

کۆتایی هێنان بە مانگرتن و قەبووڵ کردنی وادەی بەرپرسانی زیندان لەلایەن زیندانیانی سیاسیی کوردی مانگرتوو لە حاڵێکدایە کە جێبەجێ بوونی ئەو داواکاریانە بە کردەوە لەلایەن کاربەدەستانەوە، نادیارە.

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (کوردستان میدیا) لە ماوەی ٣٤ رۆژ خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسیی کورد لەمەڕ وەرگرتنی مافەکانیان، وەک رسالەتێکی سیاسی، هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە ئەو زیندانیانەی رووماڵ کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات بۆ رەنگدانەوەی رووداوەکانی زیندانی ئورمیە، زنجیرە چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها کەسایەتییە سیاسییەکانی سەربەخۆ پێک هێنا تاکوو لەو ئەرکە نەتەوەییەدا لەگەڵ ورەی گشتیی خەڵکی کوردستان بۆ پشتیوانی لە رۆڵەکانی ئەو خاک و وڵاتە، هاوشان و هاوهەنگاو بن.

هەواڵ و راپۆرتی چاوپێکەوتنەکان رۆژانە لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا بڵاو کراوەتەوە.

بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانیانی ناوەندیی ئورمیە کەمپەینێک لە ژێر ناوی ئەمڕۆ ئورمیە دڵی کوردستانە پێک هات و ناکۆکیی لایەنگرانی هێزە سیاسییە جۆراجۆرەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدواوە بوو.

هاووڵاتییانی کوردی شارەکانی سەقز، مەهاباد، سـنە، روانسەر، بۆکان و بانە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، لەسەر بانگەوازی ئەو کەمپەینە دووکان و بازاڕیان داخست و هاودەنگیی خۆیان لەگەڵ زیندانییان دەربڕی.

کەمپەینی ئەمڕۆ ئورمیە دڵی کوردستانە لە راگەیەندراوێکدا سوپاسی خەڵکی کوردستان کرد و پێزانینی خۆی ئاراستەی ئەو میدیا و حیزبە سیاسیانە کرد کە بۆ پشتگیریی چالاکییەکانی ئەو کردەوە مرۆییە، هەوڵیان دا.

هەواڵدەریی کوردپا چەندین هەواڵی لە بارەی قەبووڵی داواکاریی یەکێک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە زیندانیانی مانگرتوو سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە مانگرتن لە خواردن بڵاو کردەوە کە دواتر بەیاننامەیەک لەژێر ناوی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە بڵاو کرایەوە.

ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ٢ رۆژی کۆتایی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد، بەیاننامەیەک بە نێوی زیندانیانی سیاسیی مانگرتووی کوردی زیندانی ئورمیە بڵاو کرابوویەوە.
لەو بەیاننامەیەدا زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە رایانگەیاند: ئێمە لەسەر داواکاری و بۆ هیچ گرووپ، رێکخراو یا لایەنێکی سیاسی دەستمان نەداوەتە مانگرتن هەتا لە سەر داواکاری ئەو لایەنە تایبەتە دەست لە مانگرتن هەڵبگرین.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان شێوازی جێبەجێ کردنی داوکارییەکانی زیندانیانی سیاسیی کورد لەلایەن بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا روون نییە.