کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵوەگەڕی لەدایکبوونت پیرۆز

14:36 - 11 بەفرانبار 2714

مەلا برایم مەجیدپوور

بەناوی خواوەندی دڵاوان دلۆڤان

حەمد و سوپاس بۆ خوا، داوای یارمەتی و لێبوردنی لێدەکەین و ئاواتە خوازین لە شەڕی نەفس و نەوس و کردەوەی نەشیاو بمانپارێزێ. هەرکەس خوا شارەزای بکا قەت رێی لێ ون نابی . سڵاو و دروود لەسەر پێغەمبەرەکەی کە ئەشرەفی مەخلووقاتە و ڕێ پێشاندەری ڕێگای نەجاتە.

هەروەک لەم جیهانە پان و بەرینەدا گەورەپیاوانی ناودار هەبون و هەن و بەشێوەی جۆراوجۆر خزمەتی گەلی خۆیان کردوە و دەکەن و لایەنگرانیان بۆ لەبیر نەکردن و ڕێزلێنان ڕۆژی لەدایکبوونیان وەبیر دێننەوە و لەو ڕۆژەدا جێژن و شایی دەکەن و لە وتارەکانیاندا بە بەرەی داهاتویان دەناسێنن. لە ئایینی ئیسلامیشدا بڕوادارانی ئەو دینە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی پێغەمبەرەکەیان جێژن دەگرن کە بەناوی (جێژنی مەولود) ناسراوە. ئەو جێژنە لە ڕوانگەی ئایینیەوە هیچ لایەنێکی عیبادیی نیە. نە فەرزە نەسوننەتە، نە ئاوەکەی دەرمانی دەردانە و نەخورماکەی بۆ بەرەکەتی رۆزی ژیانە. نە ئایەتێکی قورئانی لەبارەیدا هاتوە و نە پێغەمبەر بۆ خۆی شتێکی لەو بارەدا وتوە. دروستکراوێکی جوانە لەلایەن باوەڕدارانەوە. ڕێوڕەسمێکە بۆ ڕێزگرتن لەو زاتە پیرۆزە، پێزانینە بەو هەموو خەباتو لەخۆبردوییە کە لە ڕێگای ئامانجەکەیدا کردویەتی. بەلای موسوڵمانانەوە گەلێک بایخدارە. ئەگەر ڕێبوارانی بە لێزانی و سەداقەتەوە مێژوی ژیان و تێکۆشانی بخوێننەوە و لێی فێربن، بەدڵنیایەوە بە سەربەرزی بەزۆربەی ئاواتەکانیان دەگەن و لە زۆر خەتا و تاوانیش دەپرینگێنەوە.

پێناسەیەکی کورت بۆ ئەو زاتە پێویستە. ناوی (محەممەد کوڕی عەبدوڵا و باپیری عەبدولموتەلیبە. بە ٢٢ پشت دەگاتەوە ئیسماعیل. دایکی ئامینەی کچی وەهەبی زوهری و لە تایەفەی بەنو نەجاڕە) دوای زەماوەندی ئامینە و عەبدوڵا ئامینە دووگیان دەبێی. عەبدوڵا دەچێتە سەفەری شام بۆ تیجارەت، مخابن لە گەڕانەوەدا لە تەمەنی٢٥ ساڵی لە (مەدینە) فەوت دەکا و هەر لەوێ دەنێژرێ. بو بە جوانەمەرگی بن گڵی و منداڵێکی لەدایک نەبووی لەپاش بەجێما. ئامینە دەگاتە نۆ مانگو نۆ ڕۆژەی خۆی و لە کاتی هاتنە دەری ئەوەڵین گزینگی هەتاوی ڕۆژی دوو شەممەی١٢ی مانگی ڕەبیعول ئەوەڵ لە ساڵی فیلدا کۆرپەیەکی خوێن شیرن و خونچیلانە لە دایک دەبێ. ئامینە قاسیدێک دەنێرێتە لای عەبدول موتەلیب و مزگێنی هاتنە سەر دنیای کۆرپەی ساوای بۆ دەنێرێ. باپیری بەبیستنی ئەو هەواڵە برینی لەدەستدانی عەبدوڵای مەڵحەم دەکرێن و ساڕێژ دەبن و دڵنیا دەبێ کە کەلێنی باوکی بۆ پڕ دەکاتەوە. لەخواوە دەکەوێتە ناودڵی کە ناوی لێدەنێ (محەممەد) هەر چەند ئەو ناوە بۆ عەڕەبان نامـۆ بـوو، بەڵام ئەو هیوادار بوو کە لە زەوی و ئاسمانان پەسنی بدەن.

لەناو عەڕەباندا باو بوو دەوڵەمەندان منداڵیان دەدا بەدایەن لە گوندەکان. بۆ ئەو مەبەستە ژنانی شیرداری دێهاتی دەچوونە شار و لە شوێنێکی تایبەت ڕادەوەستان هەتا منداڵێکیان وەگیر دەکەوت. لەبەر ئەوەی محەممەد مناڵێکی هەتیو بوو و هەموو کەس حازر نەدەبووە خۆی بگرێ و بیباتەوە (حەلیمەی سەعدیە) ژنە دێهاتیەکی هەژار بوو، هەموو کەس ئامادە نەدەبوو منداڵی بداتێ. ئەو ڕۆژە حەلیمە تا لای ئێوارە هیچی وەگیر نەکەوت و محەممەدیش کەس نەیبردەوە. حەلیمە بۆ ئەوەی بەدەستی بەتاڵ و بە نائومێدی نەگەڕێتەوە، محەممەدی دەگەڵ خۆی بردەوە. بە بردنەوەی ناوبراو بە قودرەتی خوا خێر و بەرەکەت بەسەر حەلیمەو ماڵەکەیدا باری و زۆر زوو لەدەستەنگی ڕزگاری بوو. نەک هەر حەلیمە بەڵکوو دوای چەند ساڵ وشکەساڵی بارانێکی بەلەز و بەخێر و بێر داباری. وڵات سەوز بوو، لەوەڕگە شین بونو مەڕ و پاتاڵیش بوژانەوە. ئەوەڵ کەس کە شیری داوە بە محەممەد ژنێک بووە بەناوی سۆیبە. پەیامبەر ماوەی ٥ ساڵ لەلای حەلیمە ماوەتەوە. لە کەش و هەوایەکی بە تەواوی پاک و ئازادی بێبەربەستی لادێ پەروەردە کراوە. پاشان تەحویلی دایکی دراوەتەوە و باپیری سەر پەرستی کردوە. لە تەمەنی ٦ ساڵیدا مخابن دایکیشی فەوتی کردوە و بەتەواوی هەتیو ماوە.

محەممەد لە تەمەنی ٦ ساڵێدابوو دایکی دەگەڵ خۆی دەیباتە مەدینە هەم بۆ ناسینی خاڵوانی و هەم دیتنی مەزاری باوکی. لەو سەفەرەدا ژنێک بەناوی (ئومو ئەیمەن) وەک سەرسپی کە یادگاری باوکی بو بۆ دایکی بەجێمابوو دەگەڵیان بوو. ماوەی مانگێک لەوێی مانەوە و پاشان گەڕانەوە. زۆر لە مەدینە دوور نەکەوتبوونەوە لە شوێنێک بەناوی ئەبواء ئامینە نەخۆش کەوت و فەوتی کرد. محەممەد لە تەمەنی ٦ ساڵیدا کە باوکی هەر نەدیبوو دایکیشی کۆچی دوایی کرد و بەجێی هێشت و بێدایک و باوک مایەوە. ئوموئەیمەن داپیرە بەمناڵیکی ٦ ساڵەی بێدایک و باب بۆمەککە گەڕایەوە. ئەوجار ئاگاداری و سەرپەرەستی کەوتە ئەستۆی باپیرەی. عـەبـدوڵ موتەلیب ئەوەندەی خۆش دەویست و پێیڕادەگەیشت کە هیچ باوکێک ئەوەندە بۆ مناڵەکەی دڵسۆز نەبوو. ڕێزی تایبەتی بۆ دادەنا و دەیگوت: ئەو کوڕە کەسایەتیەکی تایبەتی تێدا بەدی دەکرێ. دوای٢ ساڵ سەرپەرستی باپیری ئەویش دەمرێ و دیسان بەهەتیوی بێسەرپەرست دەمێنێتەوە. ئەوجار مامی ئەبوتالب هـەر چەند بـۆ خۆی دەستکورتبـوو بەڵام وەئەستۆی خۆی دەگرێ. لەسەر نەداری خۆیڕا لە منداڵەکانی خۆی زیاترچاوەدێریی دەکرد و لە خۆی جیا نەدەکردەوە. محەممەد لە تەمەنی١٢ ساڵی دەگەڵ مامی دەچێتە سەفەری شام بۆ تیجاڕەت. لەئەوەڵین سەفەریدا لەسەر ڕێگادا گوندێکی لێبوو بەناویبوسری ڕاهیبێکی مەسیحی لەو گوندە دەژیا بەناوی بوحەیڕا. مامی دەگەڵ خۆی بردی بۆ دیتنی ئەو پیاوە. کابرا هەر کە چاوی پێیکەوت، بەپێی ئەو نیشانانەی کە لە کتێبەئاسمانیەکەی خۆیاندا دیبووی، تێگەیشت ئەوەی لەو کتێبەدا باس کراوە ڕاست ئەوکوڕەیە. بوحەیڕا هەر چەند خۆی مەسیحی مەزەب بوو، بەڵام مرۆڤێکی ڕووناکبیر و حەق بین و ڕاستیبێژ بوو؛ بڕوای بەخوای تاک هەبوو. داوای لەمامی کرد زۆری ئاگا لێی بێ و نەهێڵێ جولەکە دەستیان بگاتێ.

محەممەد : لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا لە پەیمانی خۆبەخت کردنی دڵخوازدا، کە بە حلف الفضول بەناو بانگ بوو بەشداربوو. ئەوانە کۆمەڵێک پیاوی تێگەیشتووی شۆڕشگێڕ بوون یەکیەتیەکیان دامەزراندبوو، ناوی خۆبەخشی دڵخواز (فیدایی) لەخۆیان نابوو. ئەندامانی سوێندیان دەخوارد و بەرعۆدەش دەبوون هەر کەس لە باژێڕی(مەککە) دا زوڵمی لێبکرێی خەڵکی شار بێ یان لەدەرەوەڕا هاتبێ، خۆمانە بێ یان بێگانە، ناسرا و یان نەناسراوبێ، لەسەری وەجواب بێن و یارمەتیی بدەن هەتا زوڵمەکەی لەسەر لادەبەن و مافەکەی بۆ دەگێڕنەوە. محەممەد ئەندامێکی کارا و هەڵسوڕی ئەو یەکیەتیە بوو. دوای ئەوەی شەرەفی پەیامبەریی درا بۆیە دەیگوت: دەگەڵ مامەکانم لەماڵی (عەوڵای کوڕی جەدعان ) لە پەیمانێکدا بەشدار بووم کە حەزم دەکرد هەر گیز هەڵ نەوەشێ.

محەممەد پێش پێغەمبەرایەتیش بە مرۆیەکی ئارام و لەسەرەخۆ، سەرو ڕوو خۆش و دەم بەپێکەنین، ڕاستبێژ و شیرین زمان، داوێن پاک و جێگەی ئیتمینان و جێی بڕوای هەموویان بوو. بەڕاستی پاک و ئاکار چاک و لەو بوارەدا لەپێشەوەی هەموو ناودارانی (مەککە ) بوو. تا ئەو ڕادەیە ئەمین بوو کە ناویان لێ نابوو محەممەد ئەمین هەر لە منداڵیەوە خۆی لە خووخدەی ناحەز و نامرۆڤانە دوور ڕاگرتبوو. بەتوندی دژی بوت پەرستی و بەکارێکی ناڕەوای دەزانی و هەرگیز لە ڕێو ڕەسمی ئایینی ئەواندا بەشداریی نەکردوە. ئەخلاق و رەفتاری بەسەرجەم تایبەتمەندیەکان وزێدەبەشیەکانی مرۆڤایەتی ڕازاوە بوەوە. هەموو سفەتێکی چاک و جوانی مرۆڤانەی تێدا هەبووە . لەهەموو کردەوەیەکی ناحەز بێزرا و بە دوور بووە. هەموو خووخدەیەکی باش و پەسندکراوی لێ بەدی دەکرا. گەیشتبوە لوتکەی بەرزی ئاکار چاکی و پاک ڕەوشتی. هەربۆیەش خوای مەزن لە ناو هەموو پەیامبەراندا ئەوی بۆ ڕێبەری سەرجەم مرۆڤایەتی هەڵبژارد و ئایینی ئیسلامی بەو ئەسپارد. دینەکەی پوختە و کۆی هەموو دینەکانە و خۆشی خاتەمی پێغەمبەرانە. بێگومان تایبەتمەندیەکانی ئەوەندە زۆرن کە لە توانای زمـان و قەڵەمی مـنـدا نین. بۆ ناسین و زانینی تایبەتمەندیەکانی ئەو ڕێبەرە تەنیا سەرچاوەی جێی بڕوا هەر قورئانە. مرۆیەکی خەڵکی و خاکی و خۆماڵی، سەرەڕای بەرزیی پلە و پایە هەرگیز وەک حاکم و دەسەڵاتداران نەجووڵاوەتەوە. سەرەڕای بوونی گەلێک دوژمنی بێبەزەیی، بێ نیگابان و قەڕەوڵ بەتەنیا دەخولاوە. کاتێک دەچوە مەجلیسێک جێگەی کەسی نەدەگرت و لەو شوێنە دادەنیشت کەجێی بباوە. دروست بەو ئایەتەی عەمەلی دەکرد کە خوا بۆی ناردبوو کە دەڵێی محەممەد بڵێی مـنیش وەک ئێوە مـرۆڤێکم، بـەڵام مـن مەئموریەتێکم پێ ئەسپێردراوە کە ئێوە نیتانە. منیش وەک ئێوە لەژنو پیاوێک گوراوم. بەکورتی و بەکوردی خاوەنی گشت تایبەتمەندیەکانی مرۆڤ بوە، زۆر لێزان و لەسەرخۆ بوە. ئەوەی جێگای سرنجە لە عەرەبستانی سەردەمی نەزانیدا کە پڕاوپڕ بوو لە فەرهەنگی عەشیرەتی و تایەفەگەری، مناڵێک دێتە دنیا پێش بوونی باوکی فەوتی کردوە، لە ٦ ساڵیدا دایکی لە دەستداوە. هەر لەپێش باڵغ بوونی باپیرەی کە سەرپەرستیی دەکرد مردوە. واتە بەسەغیری گەورە دەبێ و شوانی و کرێکاریشی کردوە. نەخوێندەوار و هیچ حوجرە و قوتابخانەیەکی نەدیوە، بەڵام دەبێتە کەسێک لەدنیا ناوبانگ دەردەکات و خەت و ڕێبازێکی پێشانی مرۆڤ داوە کە تا ئێستاش ڕێبوارانی هەر لەزێدەبووندان و ئەگەر نەزانان و فریوخواردوانی ئۆمەتەکەی خۆی نەبا! ئەمڕۆ وەک یەکەمین ئایینی ئاسمانی کە کار بۆ پاراستنی مافی مرۆڤەکان دەکا حیسابی بۆ دەکرا. باسی پەیامبەر لە کورتە وتارێکدا نەگونجاوە. ئەوەی بەباوەڕی من پێویستە لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونیدا بیخەینە ناودڵی خۆمان ئەوەیە کە وەک خۆی ئاکار و ڕەفتارەکانی بە باشی بکەین و وەک پەیڕەوانێکی راستەقینە بەرەو ئەو ئامانجە بڕۆین کە ئەو پێیدا ڕۆیشت. لەدایکبوون و ژیان و بەسەرهاتەکەی هەمووی دەرسی خۆڕاگری و بەنرخن بۆ مرۆڤی خاوەن باوەڕی ڕاستەقینە. ڕێنوێنن بۆ ڕێگە ناسین و ناساندن. یاسای کۆمەڵگای خوا پەرستانن. چـرای شەوەزەنگی ژیانن. روناکین بـۆ ڕێ لـێـونبوان و هـەڵخلیسکاوان. دەراوی ڕزگاربونن لە تۆفانی سامناکی دەمارگرژی و نەزانی و سەرلێشێواوی. دژایەتیکردنە دەگەڵ هەموو دیاردەیەکی دوور لە ئەقڵ و مەنتیق و خوڕافی و وەدواکەوتنی کوێر کوێرانە.

هیوادارم بتوانین بە مەزەندەی زانستی بێ دەمارگرژی راستیەکان بدۆزینەوە و خەتاکان بخەینە سەر نەزانی و خراپ تێگەیشتنی خۆمان نەک ئایین و کەسانیتر. بە پێچەوانەی هەموو ئەو پیلانانەی بەناوی دین بەدژی داڕژاون و پڕوپاگەندەیان پێوە دەکرێ ئیسلام دینی ئاشتی و برایەتیە، دینی ڕێزگرتن لە مرۆڤ و مافەکانیەتی. هەڵە و پەڵەکانیش کردەوەی موسوڵمانانە نەک دینەکە.

دوبارە پیرۆزبایی گەرم دەکەم لە هەمو موسوڵمانان بەتایبەتی خوشک و برا کوردەکانم. بەهیوای سەرکەوتن و جێژن گرتن لە کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆدا.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە