کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران، حەوتەمین وڵاتی نالەبار بۆ مەسێحییەکان

15:08 - 17 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: مەسیحییەکان وەک هەموو کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان لە ئێرندا لەگەڵ سەرکوت و پێشێلکاریی سیستماتیکی دەسەڵاتی وەلایەتی فەقیه بەرەوڕوو دەبنەوە.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کوردستان میدیا، رێکخراوی دەرگا ئاوەڵاکان (درهای باز) ساڵانە راپۆرتێک لەسەر دۆخی مەسیحییەکان لە وڵاتانی جیاوازی جیهاندا بڵاو دەکاتەوە.

راپۆرتی ساڵانەی ٢٠١٤ی زایینی رێکخراوی دەرگا ئاوەڵاکان دەرخەرەی ئەوەیە کە ١٠٠ میلیۆن پێڕەوی ئایینی مەسیحی لە ٥٠ وڵاتی جیاوازی جیهاندا و هەروەها ئێران لەژێر زەخت و گوشاردا بەسەر دەبەن.

بەپێی راپۆرتی ساڵێ رابردووی زایینی ئەو رێکخراوە، ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامی، حەوتەمین وڵاتی خراپی نالەبار بۆ ژیانی مەسیحییەکان ناسێندراوە.

بەپێی نوێترین راپۆرتی رێکخراوی دەرگا ئاوەڵاکان کە کۆبەندی راپۆرت و ئەو بەڵگانە کە لە سەرەتای مانگی نوامبری ٢٠١٣ی زایینی هەتا رێکەوتی ٣١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٤ی زایینی دەرکراون؛ لە خۆوە دەگرێت، رێژیمی ئێران دوای وڵاتانی کۆرەی باکوو، سوومالی، عێراق، سووریە، ئەفغانستان و سوودان حەوتەمین وڵاتی خراپی جیهان بۆ مەسیحییەکان ناودێر کراوە و لەو راپۆرتەدا جەخت کراوەتەوە کە مافی مەسیحییەکان وەکوو پێڕەوانی ئایینی مەسیحییەت بە هۆی دینی تایبەتی خۆیان لەو وڵاتانەدا بە شێوەیەکی سیستماتیک پێشێل دەکرێت.

دوای رێژیمی ئێران وڵاتانی پاکستان، ئێریترە و نیجریە لە پلەی هەشتەم هەتا دەهەم هەڵکەوتوون.

ئەو راپۆرتە دەرخەری ئەوەیە کە دۆخی مەسیحییەکان لە ماوەی ساڵی ٢٠١٤ی زایینیدا بەپێی ساڵی رابردوو خراپتر بووە.

ئێران لە راپۆرتی پێشووی ئەو رێکخراوە لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینیدا پلەی نۆهەمی هەبوو کە ئەمساڵ بە دوو پلە دابەزین پلەی حەوتەمی لە جیهاندا هەیە.

پێڕەوانی ئایین و مەزهەبە غەیرە شیعەکان لە ئێراندا بەردەوان لەلایەن دەسەڵات سەرکوت دەکرێن و ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو لە پێڕەوانی سووننە مەزهەب و ئایینی بەهایی، مەسیحیەت و... لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر و مەحکووم دەکرێن.

پێشێلکاریی سیستماتیک، هەمە لایەنە و بەرینی مافی کەمییەن مەزهەبی و دینیەکان لە ئێراندا بەردەوام ئەو وڵاتەی لە ریزی یەکەمی وڵاتانی جیهاندا جیگیر کردووە.