کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتی ساڵانەی ئۆباما و زۆر بوونی گرژی لە کۆنگرەی ئامریکا

16:18 - 4 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: ململانێی نێوان کۆشکی سپی و لایەنگرانی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران لە حاڵی زێده بوون دایە.

بەپێی راپۆرتی دەنگی ئامریکا، راپۆرتی ساڵانەی باراک ئۆباما، سەرکۆماری ئامریکا شەوی سێشەممە رێکەوتی ٣٠ بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی کە درایە دەرەوە، دژ کردەوەی توندی لایەنگرانی قورستر بوونی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران لە کۆنگرەی ئامریکا بە شوێنەوە بووو.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان لەلایەن هەواڵدەرییە نێودەوڵەتییەکان، باراک ئۆباما جەختی لەسەر ڤیتۆ کردنی هەر جۆرە گەڵالەیەک بۆ قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران دووپات کردەوە و بووە هۆی دژ کردەوەی چەند سێناتۆری کۆنگرەی ئامریکا وەک جونی ئێرنێست، کرێت کلاوسۆن، ئەدرۆیس، جان بنێیر، لیندزی گراهام، جان مەک‌کین، رابرت مێنندز و مارک کرێک.

ماڵپەڕی هەواڵدەریی هێیل، گوڤاری کۆنگرەی ئامریکا لە راپۆرتێکدا بە وتەی لیندزی گراهام و جان مەک‌کین بڵاوی کردووەتەوە کە ئۆباما تووشی سەرلێشێواوی بووە.

لیندزی گراهام هەر لەم پەیوەندییەدا رایگەیاندووە کە لە پەیوەندی لەگەڵ سیاسەتی دەرەکی، من هێچ کات هەتا ئەو رادەیە وەک وڵاتێک هەست بە بێ هیواییم نەکردووە، ئەم رۆژانە مەترسیدارترین رۆژانێکە کە لە ١١ی سێپتامبر هەتا ئێستا دیتۆمە، ئیستراتیژی سەرکۆمار مەحکووم بە رۆخانە.

سێناتۆر جان مەک‌کێنیش لە وتووێژ لەگەڵ کۆنگرەی ئامریکا جەختی کردووە: هەر لەو رۆژەی کە یەمەن کەوتووەتە دەستی تیرۆریستەکان کە لەژێر پشتیوانی رێژیمی ئێراندان، ئۆباما رایگەیاند، سیاسەتەکەی لە حاڵی سەرکەوتن دایە، ئەمە وەک یەکێک لە قسەکانی ئەوە کە رایگەیاندووە ئەوهێمای سەرکەووتنە، ئەو سەری لێشێواوە.

سێناتۆرەکانی کۆنگری ئامریکا کە پشتیوانی قورستر بوونی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی رێژیمی ئێرانن رایانگەیاندووە کە دەتوانن ٦٧ دەنگی ئەرینی سێنای ئامریکا بۆ قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران، کۆبکەنەوە.

لە درێژەی کردەوەی هەڕەشەی ڤێتۆ کردنی گەڵالەی کۆنگرە بۆ قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییەکان لەلایەن ئۆباماوە، جان بینێر بەرپرسی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکایش رایگەیاند کە باراک ئۆباما لە ئێمە داوا دەکات کە لە بواری گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران، ئەو وڵاتەی کە پەرەپێدەری تیرۆریزم، هیچ کردەوەیەک ئەنجام نەدەین.

ئەد رۆیس، بەرپرسی کۆمیتەی کاروباری دەرەکی مەجلیسی نوێنەرانیش لە بەیاننامەیەکدا لە بواری هەڕەشەی ڤێتۆ کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران لەلایەن سەرکۆمار، جەختی کردووە کە ئووباما دەبێت سەرنج بداتە کاری کۆنگرە بۆ قورستر کردنی گوشار لە دانووستانەکان لەگەڵ ئێران.

مارکۆ رۆبیۆ لە وتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی ئەمریکایی یوو ئێس ئەی توودەی (USA Today) جەختی کردووە کە دانووستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران بە هیچ ئاکامێک نەگەیشتووە، رایگەیاندووە کە گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران، تەنیا هۆکارێکە کە رێژیمی ئێرانی هێناوەتە سەر کورسی دانووستانەکان.