کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبانێ و ١٣٣ رۆژ بەرخۆدان/ ئازادکردنی کۆبانی ئەمڕۆ بە فەرمی رادەگەیەندرێت

15:10 - 7 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: هەواڵی ئازدکردنی تەواوی کۆبانێ دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ خۆڕاگری و بەرخۆدان لە بەرانبەر هێرشی هێزەکانی داعش ئەمڕۆ بە فەرمی رادەگەیەندرێت.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چاودێرانی مافی مرۆڤ لە سووریە رایانگەیاند کە کۆبانی لەلایەن یەکینەکانی پاراستی گەل و بە پشتیوانی تۆپخانەی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و هەروەها بۆردومانی هێزە هاوپەیمانەکان دژی داعش، لە هێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی داعش پاک کراوەتەوە.

شایەتحاڵان رایانگەیاندووە کە هێزەکانی گرووپی تێرۆریستیی داعش بە شێوەی تەواو لە شار هەڵاتوون و هەنووکە شەڕڤانانی کورد کۆنتڕۆڵی شاری کۆبانێیان بەدەستەوە گرتووە.

11943.jpg

بەڵگە و راپۆرتەکان دەرخەرەی ئەوەن کە کۆبانێ بە شێوەی تەواو لە هێزەکانی داعش پاک کراوەتەوە، بەڵام هەواڵی ئازادکردنی کۆبانێ هەتا ئێستا بە شێوەی فەرمی لەلایەن هیچ حیزب یا رێکخراوێکی سیاسی رانەگەیەندراوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە، هێرشەکانی هیزە هاوپەیمانەکان دژی داعش و هێزی پشتیوانی پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی بەرچاویان لە ئازادکردنی کۆبانێ‌دا هەبووە.

ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە لە ماوەی ١٣٣ رۆژ بەرخۆدانی شەڕڤانانی کورد لە کۆبانی، نزیک بە ٥٠٠ شەڕڤانی کورد شەهید بوون و هەروەها زیاتر لە یەک هەزار کەس لە هێزەکانی داعش کوژراون.

گرووپی تێرۆریستیی داعش دوای گۆڕینی بەرەی شەڕ بۆ کوردستانی باشوور و هێرش بۆ سەر هەندێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ هێرشی بۆ سەر کۆبانێ دەست پێکرد.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوای هێرشی هێزەکانی گرووپی تێرۆریستیی داعش، رێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ئەمساڵ بە دەرکردنی راگەیەندراوێک، سەرەڕای پشتیوانی لە کۆبانێ، هێرشی داعشی بۆ سەر ئەو شارە مەحکووم کرد.

لە بەشێکی بەیاننامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا داوا لە هێزە سیاسییەکانی کورد لە کوردستانی سووریەش کرابوو کە لەو بارودۆخە هەستیارەدا کە خەڵکی کۆبانێ لەگەڵی بەرەڕوو بوونەتەوە، بە یەکیەتی و رووحییەی هاوکاری و هاودڵی لە بەرانبەر تێرۆریستاندا بوەستنەوە.

هەروەها رێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، دوای رێکەوتنی پارلمانی هەرێمی کوردستان و هەروەها قەبووڵکردنی دەوڵەتی تورکیە بۆ بەڕێکردنی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە سنوورەکانی خۆی بۆ کۆبانی، بە فەرمانی مەسعوود بارزانی ژمارەیەک لە هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبانی بەڕێ کران.

لە ماوەی بەرخۆدانی شەڕڤانانی کورد لە کۆبانێ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری ئامریکا چەک و تەقەمەنی بۆ کۆبانی بەڕی کرد.

ئاویەر.ت