کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سێمیناری پارلەمانی کوردستان بەشداریی کرد

16:13 - 29 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: سێمینارێکی بەربڵاو، بە بەشداری شاندێکی کۆمیتەی سویدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستی ئەنوەر کاکەیی و شاندێکی پارلەمانی کوردستان و ڕێژەیەکی بەرچاو لە حیزب و لایەنە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کوردستان میدیا، رۆژی دوو شەممە رێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە هاوبەشی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم و فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان سێمینارێکی بەربڵاو بۆ شاندێکی پارلەمانی کوردستان لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.

سەرەتا سێمینارەکە بە راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پیکرد.

پاشان، وتەیەکی کورت لەلایەن سۆسەن کوردستانی سەرۆکی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان بە دوو زمانی کوردی و ئینگلیزی دەستی پێکرد.

دواتر لەلایەن محەممەد ئەحمەدی سەرۆکی کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەخێرهاتنی بەشداربووان و بەتایبەت شاندی پارلەمانی کوردستان کرا و دواتر ناوبراو وتەیەک پێشکەش کرد.

پاشان داوا کرا لە سەرۆکی پارلەمانی کوردستان، د. یوسف محەممەد و هەروەها لێ پرسراوی لێژنەی پێوەندییە کوردستانییەکانی پارلەمانی کوردستان باسەکانیان پێشکەش بکەن.

سەرەتا، سەرۆکی پارلەمانی کوردستان د. یوسف باسێکی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و رووداوەکانی ئەم دوایانە و پاش پەلامارەکانی رێکخراوی تێرۆریستی دەوڵەتی ئێسلامی عێراق و شام داعش و کاریگەرییەکانی ئەو رووداوە و هەروەها جێنوساید کردنی کوردانی یەزیدی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە بڕگەیەکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بە پێگەی ئێستای هەرێمی کوردستانی کرد و تیشکی خستە سەر ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی کە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ناوبراو بە گەش بینییەوە باسی گۆڕانکارییەکانی پاش هاتنی داعش کرد و لەو پەیوەندییەدا هەرێمی کوردستانی لە ئاستێکی باشدا هەڵسەنگاند.

ناوبراو درێژەی باسەکەیدا وتی لە ئێستادا وڵاتانی جیهانی بە چاوێکی دیکەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن و باس لەوە دەکرێت کە کاتی ئەوە هاتوە کە رێکەوتنی سایکسپیکۆ چاوخشاندنی پێدا بکرێتەوە.

لە دواین بڕگەی بەرنامەکەدا، کۆمەڵێک لە بەشداربووان سرنج و راو بۆچوونەکانی خۆیان لەسەر و تەکانی سەرۆکی پارلەمان خستە بەر باس و سەرۆکی پارلەمان و هاوکارەکەی وڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.

کازیوە.ر