کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی سامان نەسیم، هەروا لێڵ و نادیارە

16:18 - 30 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: حوکمی ئێعدامی سامان نەسیم تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، بە ئەوەیشەوە هێشتا چارەنووسی ئەو لاوە کوردە ناڕوونە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمجەد حسێن پەناهی، چالاکی مافی مرۆڤی کورد لە توڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە زاری یەکێک لە براکانی سامان نەسیم، زیندانی سیاسی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، رایگەیاندووە کە هەتا ئێستا حوکمی ئێعدامی سامان جێبەجێ نەکراوە، بەڵام جێبەجێ کردنی حوکمی ئەو لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا بە دوور نییە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، موختار نەسیم، برای سامان لە وتووێژێک لەگەل کەماڵ حسێنی، رۆژنامەوان و چالاکی مافی مرۆڤی کورد رایگەیاندووە کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ پارێزەرێکی یاسایی خەڵکی شاری شنۆ پەیوەندییم گرتووە و ئەویش وئەرکی پارێزەریی سامانی قەبووڵ کردووە و بەڵێنی هەڵوەشانەوەی حوکمی ئێعدامی سامان داوە.

موختار نەسیم هەروەها رایگەیاند جگە لە چاوپێکەوتنی پارێزەری سامان لەگەڵ دادوەری گشتیی ئورمیە، رایگەیاندووە کە دادوەری گشتی ئورمیە وتوویەتی کە هەتا گەیشتن بە بڕیاری یەکلایی کەرەوە لە تاران، حوکمی ئێعدامی سامان رادەگرم.

سامان نەسیم زیندانیی سیاسی کوردی مەحکووم بە ئیعدام، پاش نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٩ی رێبەندان، لەگەل ٥ زیندانی سیاسیی دیکە کورد مەحکووم بە ئێعدام بە ناوەکانی یونس ئاقایات، حەبیبوڵـلا ئەفشاری، عەلی ئەفشاری، سیروان نژاوی و ئیبراهیم شاپوری، لەلایەن بەرپرسانەوە بۆ بەندی ئینفرادیی زیندانی ئورمیە گواسترایەوە و زیندانییانی زیندانی ئورمیە لە سەر ئەو باوەڕەدان کە ئەگەری گواستنەوەی سامان نەسیم بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە هەیە.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بە نزیک بوونەوەی حوکمی ئێعدامی سامان نەسیم، یەکیەتی ئورووپا، کۆمیسێری مافی مرۆڤی ئاڵمان، رێپۆرتنێرانی تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و ئێعدامە نادادپەروەرانە، دەوڵەتی نوروێژ، رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان، رێکخراوی لێبۆردنی نێونەتەوەیی، چاوەدێری مافی مرۆڤ، کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئێران، فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی کۆمەڵگایی مافی مرۆڤ، کۆمەڵگای بەرگری لە مافی مرۆڤ لە ئێران (LDDHI)، ناوەندی بەرگری مافی مرۆڤ (DHRC) و چەندین رێکخراو و ناوەندی بەرگری لە مافی مرۆڤی دیکەش و هەروەها چەندین چالاکی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤی کورد و ئێرانی، سەبارەت بە جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی سامان نەسیم نارەزایەتییان دەربڕیوە و خوازیاری راگرتنی حوکمەکە بوون.

ئاویەر.ت