کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی حیزبی شیوعیی كوردستان لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكرات

19:48 - 9 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی شیوعیی کوردستان لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات چاوپێکەوتنیان کرد و لەلایەن شاندێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکراتەوە پێشوازییان لێکرا.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە، رێكەوتی ٩ی رەشەممەی ١٣٩٣ی هەتاوی شاندێکی حیزبی شیوعیی كوردستان بە سەرپەرەستی د. كاوە مەحموود، جێگری سكرتێری گشتیی حیزبی شیوعیی كوردستان و هاوڕێیەتی ئەبوو تارا ناسراو بە مەلا محەممەد جوانڕۆیی‌ و ئەبوو كاروان ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی ئەو حیزبە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتیان كرد ‌و لە لایەن شاندێک بە سەرپەرەستی مستەفا هیجری، سكرتێری گشتی ‌و ژمارەیەك لە ئەندامانی رێبەری حیزبەوە پێشوازییان لێكرا.

لەم دانیشتنەدا، باسێكی سیاسی لەسەر رەوشی سیاسیی ناوچە ‌و پێوەندییەكانی هەرێم‌ و بەغدا ‌و مەترسییەكانی سیاسەتی دەستێوەردانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە كار‌وباری عێراق ‌و شوێن‌دانەریی شەڕی داعش لەسەر بارودۆخی كوردستان ‌و ئەركی حیزب ‌و لایەنە سیاسییەكانی كورد بەگشتی‌ و سیاسەت ‌و هەڵوێستەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە شێوەی بەرپرچدانەوەی پیلانەكانی نەیارانی كورد لەم هەل‌ومەرجە هەستیارەدا پێشکەش كرا.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنەدا، پرسیار لەسەر پێوەندییەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ‌و هاوڕێیانی پێشوو ‌و رەوتی دانیشتنەكان بوو کە هاوڕێیانی حیزبی شیوعی لەسەر سیاسەتی پێخۆشبوون و گەشبیبیی خۆیان لەمەڕ بە ئاكام گەیشتنی ئەم پرۆسەیە جەختیان كردەوە‌ و ئامادەگی خۆیانیان بۆ هەر هاوكارییەك لەم پرۆسەیەدا دەربڕی.

پاشان مستەفا هیجری سكرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات سپاسی ئەو هەوڵە دۆستانەی حیزبی شیوعیی كوردستانی كرد ‌و وتی بە درێژایی مێژوویی پێوەندییەكانی هەر دوو حیزب، هاوڕێیانی حیزبی شیوعی، هەست‌ و هەڵوێستی دۆستانەیان بۆ ئێمە ئاشكرا بووە ‌و بۆ گەیشتن بە ئاكامێكی دڵخواز لەو بارەوە لە وتووێژەكانمان بەردەوام دەبین.

پاش ئەو بیروڕا گۆڕینەوەیە لەسەر پرسە سیاسییەكان، هەردوولا لەسەر پێوەندیی دۆستانەیان جەختیان كردەوە ‌و سەرپەرەستی شاندی حیزبی دێموکرات جارێكی دیكە ‌خۆشحاڵی خۆی‌ و هاوڕێیانی حیزبی لەو سەردانەی شاندی حیزبی شیوعیی كوردستان دووپات كردەوە.

ئاویەر.ت