کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرێکی دیکەی کورد کوژرا

16:19 - 10 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامی، کوژرانی لاوێکی کوردی تەمەن ٢٥ ساڵە‌ی لێ کەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٨ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە نیزامییەکانی هەنگی مەرزی سپای پاسداران لە ناوچەی سنووری رەبەت سەر بە ناوچەی سەردەشت، کاروانی کۆڵبەرانیان داوەتە بەر دەستڕێژی تەقەی راستەوخۆ کۆڵبەرێکی کورد کوژراوە و ژمارەیەکی بەرچاویش لە ئەسپی ئەو کۆڵبەرانە کوژراون.

لەو کردەوەی هێزەکانی هەنگی سنووری رێژیم، کۆڵبەرێکی کورد کە شوناسی لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاوە، \'سیروان بەرزەنجی، تەمەن ٢٥ ساڵە و کوڕی لەتیف راگەیاندراوە، بە هۆی بەرکەوتنی گولـلە گیانی لە دەست داوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، هێزە نیزامییەکانی هەنگی سنووری سپای پاسداران، بۆسەیان بۆ کۆڵبەران ناوەتەوە و بە بێ هیچ ئاگادار کردنەوەیەک تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی کوشتنی کوڵبەرێکی کورد و ژمارەیەکی ئەسپی بارهەڵگری کۆڵبەرانیش بە کوشت چوون.

هەروەها، هێزە نیزامییەکانی هەنگی سنووری سپای پاسداران، دەستییان بە سەر هەمووی کەلوپەلی کۆڵبەران داگرتووە.

لەم پەیوەندییەدا، لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی بندەن لە نزیک گوندی رەزگە سەر بە ناوچەی سنووری سەردەشت کەوتوونەتە ناو بۆسەی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران و لە شوێنی تەقەی هێزەکانی رێژیم، ١٤ سەر ئەسپی بارهەڵگر کوژراون.

هێزەکانی رێژیمی ئێران پاش ئەم کردەوەیە، دەستیان بە سەر کەلوپەلی کۆڵبەران داگرتووە.

لە ماوەی ٩ مانگی سەرتای ئەمساڵدا، ٥٦ کۆڵبەر بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئێران لە سنوورەکانی کوردستان کوژراو و بریندار بوونە کە لەم رێژەیە ٢٠ کەس کوژراو و ٣٦ کەس بریندار بوون.

کوشتنی سیستماتیکی هاووڵاتییان و کۆڵبەرانی کورد لو کوردستان لە راپۆرتی مافی مرۆڤی ئەحمەد شەهید، رێپۆتنێری تایبەتی رێکخاوی نەتەوەیی لە بواری مافی مرۆڤی ئێران، گوجاندراوە.

ئەحمەد شەهید لە راپۆرتێکی خۆیدا رەخنەی توندی لە تەقەی هیزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامی ئێران بۆ سەر کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی سنووری و هاووڵاتییانی کورد لە رێگەی پەیوەندیی کوردستان کردووە.

ئاویەر.ت