کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی فراکسیۆنی پارلمان و مەکۆی کۆیەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حیزبی دێموکرات

15:11 - 15 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی هاوبەشی نوێنەرایەتیی فراکسیۆنی گۆڕان لە پارلمان و مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆیە، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی ١٤ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، شاندێکی هاوبەشی نوێنەرایەتیی فراکسیۆنی گۆڕان لە پارلمان و مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆیە بە مەبەستی هاودەردی کردن و هەروەها پشتیوانی لە داواکارییە یاساییەکانی ئەو بنەماڵەیەی حیزبی دێموکرات کە سەرلەبەیانیی رۆژی سێ‌شەممە ١٣ی رەشەمە بەدوور لە هەر چەشنە پرەنسیبێکی یاسایی و مەدەنی لەلایەن هیزی ئاسایشەوە هێرشیان کرابوویە سەر، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.
شاندی هاوبەشی نوێنەرایەتیی فراکسیۆنی گۆڕان لە پارلمان و مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆیە لەلایەن شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات پێشوازییان لێکرا.

لەسەرەتای ئەم چاوپێکەوتنەدا، قارەمان قادر ئەندامی پارلمانی کوردستان، بەداخ‌بوونی خۆیان، وەکوو فراکسیۆنی گۆڕانی پارلمانی کوردستانی بە نیسبەت هێرشی هێزەکانی ئاسایشی بۆسەر کەمپی ئازادی رایگەیاند.

قارەمان قادر لە درێژەدا جەختی کردەوە: ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان لە پارلمانی کوردستان ئامادەین کە لە رێگای لێژنەکانی ناوخۆ، مافی مرۆڤ و سەرۆکایەتیی پارلمانەوە بەدواداچوونی ئەو رووداوە و داواکارییەکان بکەین.

لە بەشێکی دیکەی ئەم چاوپێکەوتنەدا، بەختیار جەوهەر، بەرپرسی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری کۆیە وێڕای پشتیوانی لە وتەکانی نوێنەرایەتیی فراکسیۆنی گۆڕان لە پارلمان، جەختی کردەوە کە بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەیە کە لە هەر جۆرە داوایەکی یاسایی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پشتیوانی بکات و ئەو هێرشەی هێزە ئەمنییەکانی ئاسایش و پولیسی کۆیە بە توندی مەحکووم کرد.

پاشان، محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات و سەرپەرستی شاندی حیزب لەو چاوپێکەوتنەدا، وێڕای سپاس و پێزانین لە فراکسیۆنی گۆڕان و مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆیە، سەردانەکەیانی بە هەست بە پرسیاریەتی بەرانبەر بە مێژوو و شانازیەکانی حیزبی دێموکرات وەسف کرد.

قادری لە درێژەدا دواکاربوو بە تایبەت لە رێگای فراکسیونی گۆڕان لە پارلمانی کوردستانەوە گۆشار بخرێتە سەر لێژنە پەیوەندییدارەکانی ناوخۆ کە سەرەڕای سزادانی عامیلانی کە ئەو کردەوەیە، بە هیچ شێوەیەک لە داهاتوودا روودای لەو چەشنە دووپات نەبێتەوە کە زەرەبە لە پرەنسیب و پرستیژی دەسەڵات و هێزە سیاسییەکانی باشوری کوردستان بدات.

ئاویەر.ت