کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی کۆڵبەرێکی دیکە کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران

20:31 - 25 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: بە کوشتنی کۆڵبەرێکی دیکەی کورد، ئاماری قوربانیانی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای سـنە لە کاتی هاتنە سەرکاری سەرکۆماری حەسەن رۆحانی گەیشتە ٣٤ کەس.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنووریی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی شاری مەریوان، کۆڵبەرێکی کورد کوژرا.

شوناسی ئەم کۆڵبەرە کوردە، سۆران خوسرەوی، تەمەن ٢٤ ساڵە، کوڕی رەئووفخەڵکی گوندی کانی سپیلکەی سەربە شاری مەریوان راگەیاندراوە.

سۆران خوسرەوی لە سنووری مەڕانە سەرقاڵی کۆڵبەری بووە کە بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنووریی رێژیمی ئیسلامیی ئیران کوژرا.

کوشتاری بەردەوامی کۆڵبەران لە کاتێکدایە، کە جێگری بەرپرسی سیاسی ــ ئەمنییەتیی پارێزگای کوردستان چەند رۆژ پێش ئیستا رایگەیاندبوو: بە دڵنیاییەوە دەڵێم کە لە کاتی هاتنە سەرکاری دەوڵەتی تەدبیر و ئومیدی حەسەن رۆحانییەوە، هەتا ئێتسا یەک کۆلبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کوردستاندا نەکوژراون.

ئاژانسی کوردپا لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە قسەکانی جێگری سیاسی ــ ئەمنییەتی و کۆمەڵایەتی پارێزگای کوردستان بڵاوی کردبوویەوە کە لە کاتی هاتنە سەر کاری دەوڵەتی تەدبیر و ئومیدی حەسەن رۆحانی (١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی) هەتا ئێستا، ٣٢ کۆڵبەری کورد، تەنیا لە ناوچەی سنووری پارێزگای کوردستان بە هۆی تەقەی نیزامیەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژراو و بریندار بوون.

ئاویەر.ت