کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی نەورۆز لە بنکەی سەرەکیی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو

20:18 - 29 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: بە بۆنەی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنی ساڵێ نوێ، رێوڕەسمێک لە مەقەڕی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٩ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی رێوڕەسمی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنی سەری ساڵی نوێی کوردی بە بەشداریی ئەندامانی رێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات لە مەقەڕی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.

سەرەتای رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی نەورۆزیی حیزبی دێموکرات لەلایەن مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.

هیجری لە سەرەتای پەیامەکەیدا وتی: بە بۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی، جێژنی رزگاری و ئازادی، لەلایەن حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە گەرمترین سڵاو و پیرۆزباییتان پێشكەش دەكەم. ئەو جێژنەی كە هێمای خۆڕاگری و مانەوەی نەتەوەی كوردە بە درێژایی هەزاران ساڵ، بووەتە ویستگەیەكی مێژوویی كورد بۆ یەكگرتوویی، ژیاندۆستی و نوێ كردنەوەی پەیمان لە نێوان رۆڵەكانی نەتەوەكەمان.

لە بەشێک لە پەیامەکەی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتدا هاتبوو: جێژنی نەورۆزی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی لە كاتێكدایە كە رۆڵەكانی نەتەوەكەمان لە باشوور و رۆژئاوا رووبەڕووی دڕەندەترین هێزی نامرۆیی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) هاوشێوە ‌و هاوئامانجی كۆماری ئیسلامیی ئێران بوونەتەوە ‌و بەرگرییەكی قارەمانانە و بێ وێنە دەكەن، لە هەمان كاتدا هاونیشتمانانمان لە باشوور رووبەڕووی سیاسەتی برسی كردن و خنكاندن و ئابڵۆقەی ئابووریی نامرۆیی بەغدا دەبنەوە كە ئەوەش بە پیلانی راستەوخۆی هاوپەیمان ‌و دەسەڵاتداری راستەقینەی بەغدا، واتە كۆماری ئیسلامی جێبەجێ‌دەكرێ‌كە لە راستیدا شتێكی لە ژێنۆساید ‌و پاكتاوی رەگەزی كەمتر نییە. ئەمڕ‌و كوردستان بۆتە پێگەی ئازادیخوازان و هەموو هێزە دژە تێرۆریستییەكان لە ئاستی جیهانیدا. لەلایەكی دیكەوە، رووداوەكانی ئەم جەنگە نیشانی دا كە كورد دوژمنی هاوبەشی هەیە و بە بێ پاڵپشتی، هاودەنگی ‌و یەكڕیزی ناتوانێت بەرە‌وڕووی دوژمنانی بێتەوە. ئەوەی كە لە شنگاڵ، كۆبانێ، گوێر، مەخموور، سەعدیە، جەلەولا و ناوچەكانی دیكەی كوردستان رووی دا سەلماندی كە پێشمەرگە ‌و شەڕڤانی كورد پێكەوە پارێزەرانی خاكی كوردستانن و ئێمەش وەكوو پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكرات هەموو كاتێك ئامادەین لە هەر شوێنێك پێویست بێت و داوامان لێ بكرێت، هێز بنێرین و ئەوەمان لە سەرەتای هێرشی هێزەكانی نەزانی و تاریكیدا بۆ سەر هەرێمی كوردستانی عێراق بە كردەوە نیشان دا.

لە درێژەی پەیامەکەی مستەفا هیجریدا هاتبوو: دانوستانەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی ناسراو بە ١+٥ لە كاتێكدا بەڕێوە دەچێت كە كۆماری ئیسلامی لەوپەڕی لاوازی ئابووریدایە و ناچارە رازی بێت بە مەرجەكانی رۆژئاواییەكان تا لەو دۆخە ناڵەبارە ئابووری و سیاسییە خۆی رزگار بكات و لە لێواری رووخان بگەڕێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە تەنانەت رازی بووە لەگەڵ گەورەترین دوژمنی وەهمیی خۆی واتە ئەمریكا ماوەیەك بە نهێنی و ئێستاش بە راستەوخۆ گفتوگۆ بكات تا رۆژژئاوا رازی بێت سزا و ئابڵۆقە ئابوورییەكانی سەر ئێران لابچێت كە سەردەمانێك بە كاغەز پارە ناوی دەبرد و ئیدعای دەكرد كە بۆتە هۆی بەهێزی و داهێنان.

مستەفا هیجری لە قسەکانی خۆیدا روو بە مامۆستایان ئاماژەی دا: ئێوە لەو ساڵەدا بە مانگرتن‌و دەربڕینی نارەزایەتییەكانتان بەدژی رێژیم، بەستەڵەك و بێدەنگیی بە زۆر داسەپاوی دەسەڵاتی نەزانیتان شكاند و سەڵماندتان كە كوردستان خاوەنی مامۆستایانی پێشڕەو و یەكگرتووە. بۆیە داهاتووی كوردستان بە ئێوەوە روون و پرشنگدارە.

دواتر سروودێک لەژێر ناوی نەورۆز لەلایەن کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکرات پێشکەش بە بەشداربوانی رێوڕەسمەکە کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەدا پارچە شێعرێک لەلایەن گولباخ بەهرامیـەوە خوێندرایەوە.
بەبۆنەی جێژنی نەورۆز و هاتنی سەری ساڵی نوێی کوردی ناوەندی نێرگز کۆمەڵیک چالاکیی هوونەری و وەرزشی و چیرۆک نووسینی لەماوەی رابردوودا بەڕێوە برد بوو و لەم رێوڕەسمەدا ئاماژەیان پێدرا.

پاشان گۆرانییەکی فلکلۆر لەلایەن کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرا.

بڕگەی دووهەمی ئەو رێوڕەسمە کە لە دەرەوەی ساڵۆنی گشتی بەڕێوەچوو و سەرەتا منداڵانی ناوەندی نێرگز سروودێکیان لەژێر ناوی خوایە وەتەن ئاواکەی پێشکەش کرد.

دواتر داوا لە سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خاتوو پەروانە دانشوەر کرا کە مەشغەڵی ئاگر لە دەستی لاوان وەربگرن و ئاگری نەورۆز هەڵبکەن.

بڕگەی کۆتایی ئەم رێوڕەسمە بە شایی و هەڵپەڕکێی گشتیی کۆتایی پێهات.

کازیوە.ر