کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستانی رۆژهەڵات و ١٥٧٢ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ماوەی یەک ساڵدا

17:20 - 2 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: لە درێژەی بەرزبوونەوەی سەرکوتی هاووڵاتیانی کورد و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچەکانی کوردستان، لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ماوەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، ٤١٥ حاڵەت دەستبەسەرکردن، ٣٨٦ حاڵەت بانگهێشت لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و بنکە ئەمنییەتییەکانی دیکەی رێژیم و ٢٠٦ حاڵەت کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتیانی کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم و تەقینەوەی مین و هەروەها ٥٦٥ حاڵەتی دیکەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن سیستمی دەسەڵاتداری رێژیمی ئێران دژی هاووڵاتیان ئەنجام دراوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە شیکردنەوەی ئاماری پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و بەپشت‌بەستن بە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان و زانیاریی کەسانی ئاگادار کە بە شێوەی ئاماری و بێ ئاماژە بە ناوەکانیان لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، ١٥٧٢ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤی لە کوردستانی رۆژهەڵات تۆمار کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاماریی لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا سەرجەم ١٥٧٢ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی رۆژهەڵات ئەنجام دراوە کە ئەو رێژەیە لە ساڵی رابردوودا ١٥٥٠ حاڵەت و لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاویش ١٠٢٦ حاڵەت بووە.

لە ماوەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتی و بانگهێشتی هاووڵاتیانی کورد بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بە ریز بە ٤١٥ و ٣٣٣ حاڵەت، زیاترین پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی بۆ خۆیان تەرخان کردووە.

بەپێی ئەو ئامارە لە ساڵی رابردوودا ٧٩ هاووڵاتیی کورد لەلایەن دەزگا قەزاییەکانی رێژیم بە زیندان و حوکم‌گەلێکی دیکە مەحکووم کراون.

لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، تەقینەوەی مین ٦٣ هاووڵاتیی کوردی کوشتووە یا بریندار کردووە و هەروەها ١٤٣ هاووڵاتیی کورد دیکەش بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژراو و بریندار بوون.

لەو ماوەیەدا، ٢٣٨ زیندانی (٧٧ زیندانی سیاسی و ١٦١ زیندانی عەقیدەتی) بە هۆی پێڕانەگەیشتن بە داواکارییە سینفیەکان و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی بەرپرسانی زیندان مانیان لە خواردن گرتووە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە راپۆرتی ئاماری ــ شیکاریی ساڵانەی خۆیدا چوارچێوەی چالاکییەکانیشی شی کردووەتەوە و لەو بەشە لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە ٢٤٦ حاڵەت لە بواری سیاسی، ٣٤٩ حاڵەت ئایینی، ٤٧ حاڵەت لە بواری کرێکاری و چەندین حاڵەتی دیکەش لە بواری فەرهەنگی، مەدەنی و .... روی داوە.

ئەو راپۆرتە باس لەوە دەکات کە هێزە ئەمنییەتییەکان و ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران بە ٣٧٥ حاڵەت سەرەکیترین بنکەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان ئەژمار دەکرێن.

ئاویەر. ت