کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپاسنامەی حیزبی دێموكرات و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران

15:54 - 3 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی بەڕێوەبردنی بەشکۆی جێژنی نەورۆز لەلایەن هاووڵاتییانی کوردەوە لە کوردستانی ئێران، سوپاسنامەیەکیان بڵاو کردەوە.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش ئەوەی کە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی هاتنی ساڵی نۆێی ٢٧١٥ کوردی، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد کە نەورزۆی ئەمساڵ بکەن بە کەرنەڤاڵی شادی لەدژی تاریکبینان‌و مەرگدۆستانی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێشوازیی بەرینی خەڵکی کوردستانی خۆرهەڵات لەو بانگەوازە، حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لە بڵاوکراوەیەکدا سوپاسی هاونیشتمانیانی کوردستانی ئێرانیان کرد.

دەقی ئەم راگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

خەڵكی تێكۆشەری كوردستان
رۆڵەكانی خەباتگێڕی نەتەوەی كورد

نەورۆز وەك جێژنێكی نەتەوەیی ‌و رێوڕەسمەكانی وەك دابێكی كۆنی كوردەواری لە كۆنەوە پیرۆزی ‌و گرینگی تایبەت بە خۆیان هەبووە ‌و رۆڵەكانی نەتەوەی كورد هەمیشە بە سرنجەوە روانیوانەتە ئەم پیرۆزی ‌و گرینگییە‌ و لە هەلوومەرجی زۆر دژواریشدا نەورۆزیان جێژن گرتووە ‌و رێورەسەكانیان بەڕێوە بردوە.

لە ئێران ‌و كوردستانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیدا بە درێژایی تەمەنی ئەو رژیمە هەوڵی بێڕەنگ كردن ‌و بایخ نەدان بەو جێژنە نەتەوەیە دراوە بەڵام هیچكات نەتوانراوە لە پیرۆزی نەورۆز كەم بكرێتەوە. بە تایبەت كە لە سەرەتای نەورۆزی ئەمساڵیشدا كۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەیەكی چڕتر ‌و هەڕەشەیەكی زیاترەوە هەوڵی پێشگرتن بە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەكانی نەورۆزیدا ‌و بۆ ئەم مەبەستەیش بیانووی جۆراجۆری تاشی، بەو حاڵەش نەكرا‌و نەیتوانی بەم ئامانجەی بگا‌و هەروەك نەورۆز هەمیشە رەمزی ژیانەوە، سەرهەڵدانەوە ‌و خەبات بووە، ئەمساڵیش بە هەوڵ ‌و تێكۆشانی رۆڵەكانی نەتەوەی كورد ‌و بۆ پووچەڵكردنەوەی پیلانی كۆماری ئیسلامی، هەروەك لە راگەیەندراوی هاوبەشی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران ‌و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا پیلانی رژیم لەقاودرا بوو ‌و داوای بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەكان كرابوو، بە خۆشییەوە دیترا كە ئەمساڵیش نەورۆز بوو بە رەمزی تێكۆشانی دژ بە زۆرداری ‌و بە یەكگرتوویی ‌و هەست بە بەرپرسیارەتی كۆمەڵانی خەڵك بەرانبەر بە جێژنی نەتەوەیی نەورۆز، رێورەسمی تایبەت بەم بۆنەیە سەرەڕای گوشار ‌و هەڕەشەی رێژیم بەشێوەی شیاو ‌و بەرین بەرێوەچوون. لەو پێوەندییەدا بە جێیە سپاسی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەین كە لەو بارەشەوە ئەركی نەتەوەیی خۆیان بە جێ گەیاند‌ و نایەكی دیكەیان بە رێژیم گووت و بە هوشیاری و بەرپرسیارەتی خۆیان رێزی شیاویان لە خەبات و بەرخۆدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەییمان گرت و شقڵی هەرگیز نەمرییان لە بۆنە و جەژنی نەتەوەیی دا.

هەر بەم بۆنەوە وێرای پیرۆزبایی دووبارەمان سپاسی خۆمان ئاڕاستەی هەموو رۆڵەكانی نەتەوەی كورد دەكەین ‌و ئاواتی ئەوە دەخوازین كە بە یەكگرتوویی زیاتر هەروا بەردەوام بن لە پووچەڵكردنەوەی پیلانی رێژیم‌و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی‌و ئینسانیەكانمان.
هەر بژین ‌و سەركەوتووتر بن

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
٢ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی