کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ٣٦٧ یاسادارێژی ئامریکایی بە ئوباما نیسبەت بە رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران

15:58 - 5 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: لە نامەیەکدا ٣٦٧ یاسادارێژی ئامریکایی هۆشداریان بە ئوباما داوە کە لە ئەگەری هەر جۆرە رێکەوتنێکی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران دەبێت کۆنگرە پەسندی بکات.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، ئەندامانی هەر دوو حیزبی دێموکرات و کۆماریخواز لە نامەیەکدا بۆ سەرکۆماری ئامریکا هۆشداریان بە باراک ئوباما داوە کە لە ئەگەری هەر جۆرە رێکەوتنێکی ناوکی یا لابردنی گەمارۆ داسەپاوەکان دژی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەبێ کۆنگرە پەسندی بکات و لەم پەیوەندییەدا ئەندامانی نوێنەرانی مەجلیس و سێنای ئامریکا رایانگەیاندووە ئەگەر رێژیمی ئێران و وڵاتانی ٥+١ رێک نەکەون، لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان پێوێستی بە یاسای نوێیە.

ئەم یاسادارێژەرە ئامریکاییانە رایانگەیاندووە کە کۆنگرە دەبێت لە پێداچوونەوەی دەستپێڕاگەیشتن بە رێکەوتن دەبێ پێیان بسەلمێندرێت کە هەموو رێگاکانی دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بەستراوە و بەم شێوەیە کۆنگرە دەتوانێت بۆ لابردنی هەتا هەتایی گەمارۆ ئابوورییەکان دەنگ بدات.

نامەی ٣٦٧ یاسادارێژەری کۆنگرەی ئامریکا دووهەمین نامەی هاوشێوەیە کە ماوەیەک لەمەوبەر، ٤٧ سێناتۆری کۆماریخوازی کۆنگرەی ئامریکا نامەیەکیان رو لە بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئیران بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا نووسراوە ئیعتباری ئەو رێکەوتنە ناوکییە لەگەڵ ئێران تەنیا پەیوەندی بە دەورانی سەرکۆماری ئۆباماوە هەیە.

لە نامەی نوێی یاسادارێژەرانی ئامریکایی نووسراوە: رێکەوتنی ناوکی دەبێت ژێربینا ئەتۆمییەکانی ئێران لە دەستەوە بگریت، بە جۆرێک کە ئەم وڵاتە رێگایەکی بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی نەبێت.

یاسادارێژەرانی ئامریکایی هەروەها خوازیاری دەستپێڕاگەیشتن کوتوپڕی لێکۆڵەران بە جێگا گوماناوییەکان لە بنکە ئەتۆمییەکانی رێژیمی ئێران بوونە و داوایان کردووە گەمارۆ داسەپاوەکان لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران بۆ چەندیندەیەی دیکەش درێژەی هەبێت.

هەنووکە نوێنەرانی ئێران و گرووپی ١+٥ (ئامریکا، بریتانیا، چین، روسیە و ئاڵمان) سەرقاڵی دانووستان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانن و بڕیارە کە هەتا کۆتایی مانگی مارس لە چوارچێوەی رێکەوتنی ناوکی دەستیان بە رێکەوتن بگات و رێکەوتنی ناوکیش دەبێت هەتا کۆتایی مانگی ژۆئن (١٠ی پووشپەڕ) روون بێتەوە.

لەم پەیوەندییەدا جان کێری وەزیری کارو باری دەرەوەی ئامریکا ماوەیەک لەمەوپێش لە وتووێژێکدا رایگەیاندبوو کە ئەگەر رێکەوتنی ناوکی هەتا کۆتایی مانگی مارس لەگەڵ رێژیمی ئێران ئەنجام نەدرێت ئامریکا میزی دانووستانەکان بەجێ دەهێڵێت.

گادەر.د