کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٦ هاووڵاتیی کورد لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کران

18:02 - 6 خاکەلێوه 2715

کوردسیتان میدیا: لە درێژەی شەپۆلی مەحکووم کردنی هاووڵاتییانی کورد بە زیندان، ١٦ هاووڵاتیی دیکە لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بە ٧ مانگ هەتا ٢ ساڵ زیندانی مەحکووم کران.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ئورمیە، حوکمی زیندانی ١٥ هاووڵاتیی کوردی کە لە مانگی جۆزەردان و پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، دەستبەسەر کرابوون، دەرکرد.

شوناسی ئەم ١٦ هاووڵاتییە کوردە، فەرامەرز نەجەفی، حوسێن نەجەفی، فایق نەجەفی، کەریم زەمانی، عەبدووڵا بەدەوی، ناسر بەدەوی، مەحموود جانگو، عەبدولناسر محەممە‌دپوور، مەولود حوسێنی، ناجی تەموزادە، فەرەیدون ئیبڕاهیمی خەڵکی ئورمیە و رەزا ئەیوبی، رەمەزان سەبزی، عەلی ئەهرۆم، گوڵناز ئاهەنگ خۆش خەڵکی شارستانی ماکوو و بەشیر ساڵحی خەڵکی شاری خۆی راگەیاندراوە.

لەم پەیوەندییەدا، هەواڵدەریی هێرانا بڵاوی کردووەتەوە کە ئەم هاووڵاتییە کوردانە بە تۆمەتی تێکدانی ئەمنییەتی گشتی و هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراون.

ئەم راپۆرتە باس لەوە دەکات کە لە نێوان دەستبەسەر کراوەکاندا حوکمی گوڵناز ئاهەنگ خۆش، رەزا ئەیوبی و رەمەزان سەبزی هەتا ئێستا رانەگەیاندراوە.

لەم پەیوەندییەدا، راپۆرتی ئاماری – شیکاریی ساڵانەی ئاژانسی کوردپا، باس لە دەستبەسەر کردنی ٤١٥ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەکات.

هەروەها لەو ماوەیەدا، ٣٨٦ حاڵەت بانگهێشتی هاووڵاتیانی کورد بە ناوەندە ئەمنییەتییەکان و ٧٩ حاڵەت مەحکووم‌کران بە زیندان و حاڵەتگەلێکی دیکە روویداوە.

گادەر.د