کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکات لەگەڵ وتووێژی لوزان/ هۆشداری و هەڕەشەی سێناتۆرە ئامریکاییەکان بۆ قورسترکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی ئێران

21:42 - 8 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ وتووێژی ئامریکا و رێژیمی ئێران لە سەر دۆسیەی ناوکیی رێژیمی ئێران لە وڵاتی سویس، سێناتۆرە ئامریکاییەکان هەڕەشەیان کردووە کە گەمارۆ ئابووریی قورستر دژی رێژیمی ئێران پەسند دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە دەستپێکی وتووێژی ناوکی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و رێژیمی ئێران لە شاری لوزانی سویس، سێناتۆرەکانی مەجلیسی سێنای ئامریکا هۆشداریان داوە، ئەگەر ریژیمی ئێران لەسەر خاڵەکانی رێکەوتن لەگەڵ گرووپی ١+٥ زێدەڕەوی بکات،گەمارۆ ئابووریی نوێ دژی رێژیمی ئێران پەسند دەکات.

ئەم گەڵاڵەیە بە ١٠٠ دەنگی ئەرینی لەلایەن سێناتۆر مارک کرێک جێبەجێ و پەسند کرا و هەروەها مارک کرێک رایگەیاندووە: سێنای ئامریکا بە دەنگێکی بە بڕشت و یەکگرتوو بە دژی رێژیمی ئیسلامیی ئێران قسە دەکەن.

سێناتۆر مارک کرێک لە نوێنەرانی کۆنگرەی ئامریکایە کە بە وتووێژەکانی هەنووکەیی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی تاران روانگەیەکی گۆماناوی هەیە و هەروەها لەگەل سێناتۆر رابێرت مێنێندێز گەڵاڵەیەکیان ئامادە کردووە کە لە ئەگەری بە ئاکام نەگەیشتنی دانوستانە ناوکییەکان ، گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی تاران قورستر بکرێت.
لەم پەیوەندییەدا و بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی رۆیتێرز، یەکیەتیی ئورووپا لە درێژەی سنوودارکردنی بازرگانی دژی رێژیمی ئێران، لە هەوڵی ئەوە دایە کە ناوی ٤٠ شیرکەتی کەشتیڕانی ئێرانی بە لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەم یەکیەتییە زێدە بکات.

هەروەها، سێناتۆر میچ مەکانێل، سەرۆکی زۆرینەی کۆماریخوازەکانی سێنای ئامریکا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، رایگەیاند ئەگەر دانووستانەکانی گرووپی ١+٥ لەگەڵ رێژیمی ئێران هەتا کۆتایی مانگی مارس (شەش رۆژی دیکە) بە ئاکام نەگات مەجلیسی سێنای ئامریکا گەڵاڵەی قورسترکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی ئێران دەخاتە بەر دەنگدان.

لە بواری بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێران، یوکیا ئامانۆ، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ناوکی رایگەیاندووە کە رێژیمی ئێران لە مانگەکانی رابردوودا بۆ روونکردنەوەی بواری نیزامی و چالاکییە ناوکییەکانی خۆی بە شێوەی پێویست هاوکاری نەکردووە و لەوەیکە کاربەدەستانی رێژیمی ئێران بۆ وڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی وزەی ناوکی هاوکاریی پێویستیان نەکردووە نیگەرانی خۆی دەربڕیوە.

نوێنەری فەرانسە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکی شۆرای تەناهیدا رایگەیاندووە کە پێشکەوتن لە دانوستانەکانی نێوان وڵاتانی زلهێز و رێژیمی ئێران بەپێی پێویست نییە و نوێنەری بریتانیا رایگەیاندووە کە ئێران دەبێ نەرمی بنوێنێت.

هەنووکە نوێنەرانی ئێران و گرووپی ١+٥ (ئامریکا، بریتانیا، چین، روسیە و ئاڵمان) سەرقاڵی دانووستان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانن و بڕیارە کە هەتا کۆتایی مانگی مارس لە چوارچێوەی رێکەوتنی ناوکی دەستیان بە رێکەوتن بگات و رێکەوتنی ناوکیش دەبێت هەتا کۆتایی مانگی ژۆئن (١٠ی پووشپەڕ) روون بێتەوە.

گادەر.د