کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەک هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە‌کانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کران

17:31 - 20 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی خەڵکی گوندی ئاختەپە سەربە شاری سایین‌قەڵا لەلایەن هێزەکانی رێژیم دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە راگوێزراون.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، ژمارەیەک لە هێزە چەکدارەکانی رێژیمی ئێران لە شاری سایین‌قەڵا دەڕژێنە گوندی ئاختەپە و ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەو گوندە دەستبەسەر دەکەن.

ئەو هاووڵاتییانە پاش دەستبەسەرکرانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە رادەگوێزرێن و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.

هاووڵاتییەکی کورد لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: ئەو هاووڵاتییانە بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و شایی و خۆشی لەو رۆژەدا و دانی دروشمی دژ بە رێژیم دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەم راپۆرتە، دوای هەڕەشەکانی رێژیمی ئێران لە بەرەبەری جێژنی نەورۆزدا و هاتنی سەری ساڵی نوێ بنکە و ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە خەڵکی کوردستانیان راگەیاندبوو کە لە بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز خۆ ببوێرن، بەڵام خەڵک بەبێ گوێدان بە هەڕەشەکانی رێژیم بەرەو پیری ساڵی نوێیەوە چوون.

ئەو راپۆرتانەی بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتبوون باسیان لەوە دەکرد کە لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستانی رۆژهەڵات خەڵک بە شێوەیەکی بەشکۆتر لە ساڵانی پێشوو جێژنی نەورۆزیان بەڕێوە برد و ئاگری سەر ساڵی نوێیان هەڵکرد.

گادەر. د