کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دێمپسی : رێکاری نیزامی دژی رێژیمی ئێران هەر وەک خۆی ماوەتەوە

17:01 - 29 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: ژنراڵ مارتین دێمپسی دوابەدوای هەڵوێستی رووسیە بۆ فرۆشتنی مووشەکی ئێس-٣٠٠ بە رێژیمی ئێران، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە رێکاری نیزامی دژ بە رێژیمی ئێران لە بەر دەستدایە.

بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی رۆیتێرز، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٧ خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، بەرپرسی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئامریکا لە کۆنفرانسێکدا رایگەیاند: ئێمە لەمێژە لە فرۆشتنی مووشەکی ئێس-٣٠٠ بە رێژیمی ئێران ئاگادارین و لە هەموو پلان و برنامەکانمان لە بەرچاومان گرتووە.

دێمپسی جەختی کردە سەر ئەوە کە دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران هیچ ئەنجامێکی نەبووە و بەو هۆیەشەوە رێکاری نیزامی ئێستاش یەکێک لە رێکارەکانی بەرەوڕوو بوونەوەی رێژیمی ئێرانە.

بریاری مۆسکۆ بۆ رادەست کردنی مووشەکی ئێس-٣٠٠، دژکردەوەی نەرێنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و یەکیەتیی ئورووپای بە دواوە بوو.

کارناسانی نیزامی و چاودێرانی سیاسی و هەروەها سیاسەتمەدارانی ئامریکایی و ئۆرووپایی لە سەر ئەو بڕوایەن کە پڕچەك‌بوونی رێژیمی ئێران بەم مووشەکە دەبێتە هۆێ ناسەقامگیریی ناوچەکە .

لەم پەێوەندییەدا کارتێر، وەزیری بەرگریی ئامریکا پێشتریش هۆشداری دابوو کە ئەم پرۆسەیە جیددی بگرن و پێویستە هەموو رێکار و خاڵەکان لە بەر دەستدا بمێننەوە بۆ ئەوەی سەرکۆمار لە لە کاتی پێویستدا بتوانێت کەڵکیان لێ وەربگرێت .

فرۆشتنی مووشەکی ئێس-٣٠٠ بە رژێمی ئێران بۆ رێکەوتننامەی ساڵی ٢٠٠٧ زایینی نێوان رێژیمی ئێران و مۆسکۆ دەگەرێتەوە کە بڕی ٨٠٠ ملیۆن دولار بایەخی بووە. بەڵام رووسیە بە شوێن بڕیارنامەی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی رێژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠١٠ی زایینەوە لە بازرگانی مووشەکی ئێس-٣٠٠ خۆی بوارد و تا چەند رۆژ پێش کە ولادیمێر پووتین بڕیاری دەرکرد کە فرۆشتنی مووشەکی ئێس-٣٠٠ بە رژێمی ئێران رێگاپێدراوە.