کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

CPJ: رۆحانی، هیچ ئاڵوگۆڕێکی لە پێشگرتنی سانسۆردا پێک نەهێناوە

16:46 - 2 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: کۆمیتەی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان لە نیۆیۆرک لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بواری سانسۆر پلەی حەوتەمی لە جیهاندا هەیە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆمیتەی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان لە نیۆیۆرک رایگەیاند، رێژیمی ئێران پلەی حەوتەمی لە بواری سانسۆر لە جیهاندا هەیە و ئەوەش هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر چاپەمەنی و راگەیاندەکان لەو وڵاتە ئەژمار دەکرێت.

ئەو پلەبەندیە بەپێی زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان، کەڵک وەرگرتن لە یاسای سەرکوت و ئازار و ئەزیەتی کەسانی خاوەن قەڵەم و بەربەست بۆ هاووڵاتییان لەمەڕ دەستپێڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت ئەنجام دراوە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ٤٦ رۆژنامەنووس و وێبنووسی زیندانی کراو کە زیاتر لە ١٢ کەسیان کوردن، یەکێک لە پێنج زیندانی گەورەی جیهان بۆ چالاکانی راگەیاندکار ئەژمار دەکرێت.

لەو راپۆرتەدا لەسەر سانسۆر لە وڵاتانی دیکتاتۆری، هێرش بۆسەر بلاڤۆک، داخستن و هەڕەشە لە رۆژنامەنووسان جەخت کراوەتەوە.

لە راپۆرتی کۆمیتەی داکۆکی لە رۆژنامەنووساندا هاتووە، رێژیمی ئێران بە دەستبەسەرکردنی بە کۆمەڵ و سەرەڕۆیانە، وەکوو کەرەستەیەک بۆ بێدەنگ کردنی جیابیران و داسەپاندنی دوورخستنەوە لەسەر رۆژنامەنووسانی ئێرانی کەڵکی وەرگرتووە و رێژیمی دەسەڵاتدار بە رووماڵکردنی هەندێک بابەت و هەواڵەکان رۆژنامە و راگەیاندەکان کۆنتڕۆڵ دەکات.

لە راپۆرتی ئەو کۆمیتەیەدا هاتووە، بە شێوەی جۆراوجۆر و چۆنیەتی سانسۆر لە ئێراندا تووندترین سانسۆری ئینتێرنێت لەلایەن بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەنجام دەدرێت کە لە جیهاندا وێنەی نییە و بەم شێوەیە میلیۆنیان هاووڵاتیی ئێرانی دەستیان بە ماڵپەڕە و تۆڕە ژۆمەڵایەتییەکان ناگات.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە سەرەڕای وادە و بەڵێنی هەڵبژاردنەکانی حەسەن رۆحانی هیچ جۆرە ئالوگۆڕیک بۆ پێشگرتن لە سانسۆر لە ئێراندا پێک نەهاتووە وهەوڵێکی بۆ چالاکیی ئەنجوومەنی رۆژنامەنووسانی ئێران ئەنجام نەداوە.