کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژنامەوانی و پرسی نەتەوەیی لەنێوان سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵێک رۆژنامەنووساندا تاوتوێ کرا

16:48 - 17 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لەرۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان لەسەردانێکدا بۆ دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ بەڕێز مستەفا هیجری چەندین پرسی پەیوەندیدار بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناڤین و ئەرکی رۆژنامەنووسانیان لەو پەیوەندییەدا تاوتوێ کردووە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنیری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ١٦ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسانی شاری سلێمانی سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیان كرد و لەلایەن شاندێکەوە بە سەرپەرەستی بەڕێز مستەفا هیجری سكرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات پێشوازییان لێكرا.

دۆخی سیاسی رۆژهەڵاتی ناڤین، پرسە پەیوەندیدارەکان بە کوردستان، ئەرکی رۆژنامەنووسان لە پێکهێنانی کەش‌وهەوای نەتەوەیی و بەرپرسیاریەتی رۆژنامەنووس لە کاتە دژوار و هەستیارەکاندا لەو پرسانەن کە لە نێوان هیجری و رۆژنامەنووساندا تاوتوێ کراوە.

لەو دانیشتنەدا سەرەتا بەڕێز مستەفا هیجری باسێكی لەسەر بارودۆخی سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی ئێران کردووە و دواتر پرژاوەتە سەر پیلانەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەناوچەكە و بەتایبەت هەرێمی كوردستان.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات مەتەرسییەكانی ئەو پیلانانەی لە ئێستا و داهاتوودا بۆ سەر كوردستان شی کردووەتەوە و لەو پەیوەندییەدا باسی لە ئەركی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان، هەروەها رۆژنامەنووسانی لەهەمبەر پرسی كورد بەگشتی و بەتایبەت كوردستانی رۆژهەڵات کردووە.

مستەفا هیجری لەو باوەڕەدابووە، نابێ لەپێناو هێندێ تاكتیكی سیاسیدا، پرسی ستراتیژی نەتەوەیی بکەینە قوربانی و لەسەر هەموو لایەک پێویستە هەستی خەمخۆری و دەروەست بوونی هەر پارچەیەك بۆ پارچەكەی دیكە دروست بکات و پەرە بەو هەستەش بدرێت. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات ئەو کارەی بە ئەركێكی ئەخلاقی و نەتەوەیی رۆژنامەنووسانی كورد زانیوە.

ئەو سیاسەتمەدارە لە دانیشتنەکەی لەگەڵ رۆژنامەنووسانی کورد وتوویەتی: پێویستە بیر و رای گشتی كورد بۆ لای بەرژەوەندییەکانی كورد رابکێشین و نەهیڵین بیروڕاکان لەخزمەتی دوژمنانی کورد بە تایبەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا بێت.

لەو سەردانەدا باس لەسەر گرینگیدان بە پرسی رۆژنامەگەری و رۆڵی رۆژنامەوانانی نیشتمانپەروەر کراوە و وتراویشە پێویستە رۆژنامەنووسان زانیاری ورد و راست بە هاووڵاتیانی کورد بدەن و هەوڵەکانیان لەپێناو هوشیاركردنەوەی خەڵک و پشتیوانی لە پرسی نەتەوەیی چڕتر بکەنەوە.