کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ٢٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی کوهدەشت لە ئاگردا سووتا

21:21 - 28 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: بەشێکی بەرچاو لە دارستان و لێڕەوارەکانی شارستانی کوهدەشت سەر بە پاریزگای ئیلام، لە ئاگردا سووتا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە هۆی ئاگرکەوتنەوە، بەشێکی بەرچاو لە دار بەڕووی دارستانەکانی شارستانی کوهدەشت بۆ ماوەی سێ رۆژدا لە ئاگردا سووتاون کە دواتر لەلایەن لاوانی ئەو شارەوە کوژێندراوەتەوە.

یەکێک لە هاووڵاتییان لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: سەرەڕای ئەوەیکە ئێمە چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی رێژیم پێوەندیمان گرتووە، بەڵام بەرپرسانی رێژیم هیچ هەوڵێکیان بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە نەگرتووەتە بەر و لە ئاکامدا بە شێوەی خۆڕسک ئاگرەکەمان کوژاندۆتەوە.

ئەو هاووڵاتییە هەروەها وتی: ئێمە داوای یارمەتیمان لە فەمانداری شاری کوهدەشت بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە کردووە بەڵام ئەو بەرپرسەی رێژیم بێ‌ڕێزی بە ئێمە کردووە.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە دوای سێ رۆژ لەلایەن لاوانی شاری سیروان کوژاوەتەوە.

لەو پێوەندییەدا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕێ ١٣٩٤ی هەتاوی یەک هێکتار و نیو لە دارستانەکانی شاری مەلەکشاهی لە ئاگردا سووتان کە دواتر لەلایەن هاووڵاتییانەوە کۆنتڕٶل کراوە.
شارستانی مەلەکشاهی خاوەن ١٠٣ هەزار و ٢٦٠ هێکتار لێڕەوار و رووبەری دارستانە سروشتییەکانی ئەو شارستانە ١٠١ هەزار و ٩٧٠ هێکتار و هەروەها رووبەری دارستانە دەستکردەکانیش ٥٦٠ هێکتارە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی بە گشتی ٢٣٥ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هاتووەتە ئاراوە کە ١٧٤ حاڵەتی لە ئوستانی کوردستان، ٣٧ حاڵەت لە کرماشان، ١٧ حاڵەت لە ئازەربایجانی رۆژئاوا و ٧ حاڵەتیش لە ئوستانی ئیلام رووی داوە.

ئاگرکەوەتنەوە و لەناوچوونی دارستانەکانی ئێران لە حاڵێکدایە کە وڵاتی ئێران لە نێو ١٥٦ وڵاتی جیهاندا پلەی ٤٥ـەمی هەیە و دارستانەکانی ئەو وڵاتە تووشی مێمڵی بوونە.

دارستانەکانی ئێران لە بواری پاراستن لە دۆخێکی زۆر نالەبار دانە و بەرپرسانی رێژیمیش لەو پێوەندییەدا هێچ هەوڵێک بۆ پاراستنی دارستانەکان ناگرنە بەر.