کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش نائارامییەکانی مەهاباد، دزیی چەکدارانە لە بانکێکی مەهاباد هاتە ئاراوە

22:36 - 28 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: بانکێکی شاری مەهاباد لە مەیدانی تەڕەباری ئەو شارە لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە دزیی لێ کرا.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا و بە پشت بەست بە هەواڵی ئاژانسی کوردپا، چەند چەکدارێکی نەناسراو کاتژمێر ١٥:٣٠ خولەکی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕ، لقی مەیدانی تەڕەباری بانکی سادراتی شاری مەهابادیان کردە ئامانج.

ئەو سەرچاوە لە زاری شایەتحاڵانەوە نووسیویەتی: دوو چەکدار لە بانکی سادراتی شاری مەهاباد دزییان کردووە کە بە ماشینێکی جۆری پژۆ لە شوێنە دوور کەوتوونەتەوە.

ئەو بانکە نزیک لە ٢٠٠ میتریی هۆتێل تارا هەڵکەوتووە کە چەند رۆژ پێش ئێستا بەهۆی مەرگی گوماناوایی کچە کارمەندێکی کورد بەناوی فەریناز خوسرەوانی لەلایەن ناڕازییانەوە ئاگری تێبەر درا.

چەند هاووڵاتییەک لە مەهابادەوە بە هەواڵنێری کوردپایان راگەیاندووە: ئەو کردەوانە لەلایەن دەست و پێوەندییەکانی رێژیمی ئێرانەوە ئەنجام دراوە و ئاگر تێبەردانی هۆتێل تارا بە هیچ شێوەیەک لەلایەن ناڕازییانەوە نەهاتووەتە ئاراوە.