کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شنۆ/ لە دوو تێکهەڵچووندا، پێکدادان لە نێوان هێزەکانی رێژیم و چەند چەکداری نەناسراو هاتە ئاراوە+ناوی کوژراو و برینداران

18:03 - 7 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سێ هاووڵاتیی شاری شنۆ، هاووڵاتییەک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار کرا.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، بەیانیی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٧ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە تەقەیان لێ کرا و لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک کوژراو و هاووڵاتییەکی دیکەش بە توندی بریندار کرا.

هێزەکانی رێژیم لە ناوچەی نەڵۆسی شنۆ تەقەیان لەو سێ هاووڵاتییە کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری شنۆوە بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: \'\'یەکێک لەو سێ هاووڵاتییە کە کراوەتە ئامانجی تەقەی هێزەکانی رێژیم، پاش دەسبەسەرکران، هەڵهاتووە و یەکێکی دیکەشیان بە برینداری دەسبەسەر کراوە\'\'.

ئەو سەرچاوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، ناوی ئەو کەسەی کە بە دەستی هێزەکانی رێژیم کوژراوە، \'\'رێبوار مەولوودی\'\' راگەیاندووە و تەرمەکەشی رەوانەی شاری ئورمیە کراوە.

ناوی ئەو هاووڵاتییە کە بە دەستی هێزەکانی رێژیم بریندار و پاشان دەسبەسەر کراوە، \'\'بەهمەن قوربانی\'\' کوڕی محەممەد راگەیەنراوە.

لەو پێوەندییەدا و بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شەوی رابردوو کاتژمێر ٢ی شەو هێزەکانی سپای پاسداران و هێزی ئینتزامیی شاری شنۆ لە ناوچەی نەڵۆس لەگەڵ چەند چەکدارێکی نەناسراو تووشی دەرگیری بوون.

لەو دەرگیرییە چەکدارییەدا ٣ هاووڵاتی دەسبەسەر و ٢ مەئمووری هێزی ئینتزامی بریندار کراون.

هەتا ئێستا هۆکاری ئەو تێکهەڵچوونە و ناسنامەی برینداران و دەسبەسەرکراوان بۆ کوردستان میدیا روون نەبووەتەوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، برینداران رەوانەی شاری ئورمیە کراون.