کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسەنامەی کانوونی نووسەرانی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا \"ئەحمەد قازی\"ــیەوە

16:14 - 19 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: کانوونی نووسەرانی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەد قازی پرسەنامەیەکی بڵاو کردەوە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی ئەحمەد قازی و ئەدیبان، نووسەران و رۆژنامەنووسان کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٩ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، کانوونی نووسەرانی کوردستان بە بۆنەی لە دەستدانی ئەحمەد قازی نووسەر و رووناکبیری گەورەی کورد، پرسەنامەیەکی بڵاو کردەوە و لەم رێگەیەوە سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی نەتەوەی کورد و کۆمەڵگای فەرهەنگی و رووناکبیری کورد و بنەماڵەی ئەو نووسەرە بەناوبانگە کرد.

دەقی پرسەنامەکە بەم چەشنەیە:

مامۆستا ئەحمەد قازی، شاعیر، نووسەر، وەرگێڕ، زمانزان، رۆژنامەنووس و رووناکبیری ناسراوی کورد رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە نەخۆشخانەی ئازادیی شاری تاران کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا ئەحمەدی قازی، لە ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی، لە شاری پێشەوا قازی و هەر لەو بنەماڵەیە چاوی بە دنیا هەڵێنا و هەر لەو ڕێبازەدا پەروەردە بوو. سەری پڕ لەسەودای ئازادی، نیشتیمانپەروەری و فەرهەنگ و دڵی پڕ لە سۆزی کورد و کوردستان بوو.

ناوبراو لە پێناو گەشەی رووناکبیری ناسنامەخوازانەی گەلی کورددا، یەکێک لە چالاکە دێرینەکانی ئەو بوارە بوو، کە لە ساڵەکانی سەرەتای دەیەی ١٣٤٠ی هەتاویدا لەلایەن رێژیمی پاشایەتییەوە چەندین ساڵ دەستبەسەر و زیندانی کرا.

مامۆستا ئەحمەد قازی، یەکێک لە کەسایەتییە فەرهەنگی، ئەدەبی و رووناکبیرییەکانی کورد بوو، کە لە ماوەی ژیانی خۆیدا، هەم لە بواری فەرهەنگی و ئەدەبی و هەم لە بواری رۆژنامەنووسی و بابەتە رووناکبیرییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەورێکی دیار و گرینگی گێڕا.

مامۆستا ئەحمەد قازی کۆمەڵێک بەرهەمی لە بواری شێعر و چیرۆک و بابەتگەلێکی زمانەوانی کوردیدا نووسیوە و چەندین بەرهەمی گرینگی ئەدەبیشی لە زمانەکانی ئینگلیزی و فارسییەوە کردووە بە کوردی.

مامۆستا ئەحمەد قازی پاش کۆچی دوایی مامۆستا هێمن، بناغەدانەری گۆڤاری سروە و ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی (انتشارات صلاح‌الدین ایوبی)، سەرنووسەری ئەو گۆڤارە گرینگەی لە ئەستۆ گرت و لەو رێگایەوە خزمەتێکی شایانی بە بواری رۆژنامەگەری و فەرهەنگ و ئەدەب و رووناکبیریی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

مامۆستا ئەحمەد قازی، هاوکات لەگەڵ چالاکیی رۆژنامەنووسی، نووسینی ئەدەبی و زانستی و زمانناسی و وەرگێڕان، داکۆکیکارێکی مافی گەلەکەی بوو و لە زۆربەی بۆنە و رێوڕەسمە ئەدەبی، رۆشنبیریی و هونەرییەکاندا دەنگی کپکراوی گەلەکەی بوو. هەروەها پشتیوانێکی پتەوی کانوونی نووسەرانی کوردستان بوو.

کانوونی نووسەرانی کوردستان بە بۆنەی ئەم کۆستە گەورەیەوە سەرەخۆشی لە نەتەوەکەمان و کۆمەڵگای فەرهەنگی و رووناکبیری کورد و بنەماڵەی بەڕێزی قازی دەکات و خۆی بە شەریک و بگرە خاوەنی سەرەکیی ئەم خەم و کۆستە گەورەیە دەزانێت.

کانوونی نووسەرانی کوردستان