کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگهێشت، دەستبەسەرکران و مەحکووم‌کرانی ٣٧٩ هاووڵاتیی کورد لە ٣ مانگدا

16:28 - 3 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا، ناوەندە قەزایی، ئەمنییەتی و لیباس شەخسیەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، ٣٧٩ هاووڵاتیی کوردیان بانگهێشت، دەستبەسەر و بە زیندان مەحکووم کردووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت‌بەستن بە راپۆرتی ئاماری ــ شیکاریی وەرزانەی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەستبەسەرکران و بانگهێشتی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و هێزە لیباس شەخسی و نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لەسەدا ٦٧ی حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی بۆخۆیان تەرخان کردووە.

راپۆرتە ئامارییەکەی ئەو هەواڵدەرییە باس لەوە دەکات کە هێزە ئەمنییەتییەکان و ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم و هێزە نیزامییەکان و لیباس شەخسییەکان لە ٣ مانگی بەهاری ئەمساڵدا بە گشتی ٥١٩ حاڵەت مافی هاووڵاتییانی کوردیان پێشێل کردووە.

ئاماری ئاژانسی کوردپا دەری دەخات کە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٥٨ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئامارەکان پاشهاتەکانی خوکوژیی فەریناز خوسرەوانی و خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کورد و هەروەها خۆپیشاندانی مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستان هۆکاری بەشێکی زۆر لە دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد راگەیەندراوە.

خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کورد بە نیسبەت گیان‌لەدەستدانی فەریناز خوسرەوانی، دەستبەسەرکرانی ١٨٩ هاووڵاتی کردی لێ کەوتبووە.

دەستبەسەرکرانی ٢٥٨ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی وەرزی بەهاری ئەمساڵدا لەحاڵێکدایە کە ناوەندە ئەمنییەتی و پێوەندییدارەکانی رێژیمی ئیسلامی لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوودا ١١٠ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کردبوو.

رێژەی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە ماوەی ٣ مانگی ئەمساڵدا بە نیسبەت ٣ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو ١٣٤% بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.

ئامارەکان هەروەها باس لە بانگهێشتی ٨٩ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٤ لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەکەن.

مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستان کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین جار بەڕێوەچوو، لە بەهاری ئەمساڵدا بانگهێشتی ٦٨ مامۆستای کورد و دەستبەسەرکرانی ٨ مامۆستای لێ کەتبووە.

بانگهێشتی هاووڵاتیانی کورد لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا بە نیسبەت ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو کە ٥٦ حاڵەت بوو، ٥٩% بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە.

بەشێکی دیکە لە راپۆرتی ئاماری ــ شیکاریی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا باس لە مەحکووم‌کرانی ٣٢ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٤دا دەکات.

لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا، دەزگای قەزایی رێژیمی ئیسلامی ٣ هاووڵاتی کوردی بە تۆمەتی ئەمنیەتی بە لەسێدارەدان مەحکووم کرد.

سابیر شێخ عەبدوڵلا، دیاکۆ رەسول‌زادە و حوسێن عوسمانی ئەو ٣ لاوە کوردەن کە لەلایەن دەزگای وەزایی رێژیمەوە، حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، لەو ماوەیەدا حوکمی ٧ مانگە تا دوو ساڵە بۆ ١٦ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی ئەمنیەتی لەلایەن دادگای ئینقلابی رێژیمی ئێرانەوە دەرچووە.

لەم پێوەندیەدا، ١٣ هاووڵاتیی کوردی دیکەش بە گشتی بە ٣٠ ساڵ و ٧ مانگ و ٩ رۆژ زیندانی تەعزیری و ٥ مانگ زیندانی هەڵپەسێراو مەحکووم کراون.

لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، حوکمی ٣٠ زەربە قامچی و ٤٥ ملیۆن ریاڵ سزای نەختیش لەلایەن دەزگای قەزایی رێژیمەوە بۆ هاووڵاتیانی کورد دەرچووە.

بەرزبوونەوەی بەرچاوی حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بە تایبەتی و ئێران بە گشتی لەحاڵێکدایە کە دوو ساڵ پێش حەسەن رۆحانی، بە بەڵێنی باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بوو بە سەرکۆمار، بەڵام پاش هاتنەسەرکاری رۆحانی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران نەتەنیا بەرەو باشتربوون نەڕۆیشت بەڵکوو رۆژ لە دوای رۆژ پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیمەوە زۆرتر بوو و ئەمەش لەم ماوەیەدا نیگەرانیی بەرجاوی ناوەندە مافی مرۆڤییەکانی بە دواوە بووە.