کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‎بەڕێوەچوونی سێمینارێک بۆ نوێنەری حیزبی سووسیالیستی هولەند و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

22:14 - 3 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: سێمینارێک بە هاوکاری حیزبی سووسیالیستی هولەند و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری زۆولە لە وڵاتی هولەند بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی یەکی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە هاوکاری حیزبی سووسیالیست هولەند و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە شاری زۆولە سێمینارێک سەبارەت بە داعش و کوردەکان بەرێوەچو.

‎سەرەتا، هاری فان بومل یەکێک لە بەرپرسانی حیزبی سووسیالیستی هولەند و ئەندام پارلمانی ئەو وڵاتە چەند وتەیەکی سەبارەت بە رەوشی ئێستای عێراق و سووریە پێشکەش کرد.

‎پاشان، یونس لوتفوڵا ئەندامی حیزبی سوسیالیست لە ئوتریخت، چەند وتەیەکی سەبارەت بە گرووپی تیرۆریستیی داعش و کێشە و گرفتی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چۆنیەتی چارەسەر کردنی ئەم کێشانە کرد.

‎دوابەدوای ئەوە، دیار حاتەمی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هولەند، چەن وتەیەکی پێشکەش کرد و لە باسەکانی خویدا ئاماژەی بە کوشتنی کوردەکان لەلایەن داعش و هەروا کاریگەری رێژیمی ئیران لە سەر ئەم رێکخراوە تیرۆریستیە کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا رایگەیاند: سیاسەتەکانی ئێران لە عێراق کە بە یارمەتی دەوڵەتی شیعەی بەغدا و گرووپی تیرۆریستیی داعش دەیهەوێت کوردەکان و سونییەکان لاواز بکات تا لەمە بە دوا کوردەکان داوای سەربەخۆیی نەکەن و سوننیەکانیش لە بەرانبەر بە دەوڵەتی شیعەی بەغدا سەر هەڵنەهێنن و توڵەی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق بکاتەوە.

‎لە بەشی دووهەمی سێمینارەکەدا کۆمەڵێک پرسیار لەلایەن بەشداربوانەوە خرانە روو و لەلایەن کۆڕگێڕانەوە وڵامیان درایەوە.