کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکهەڵچوونی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران لەگەڵ هاووڵاتییانی کورد برینداری لێکەوتەوە

14:32 - 10 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی دانیشتوانی چەند ئاوایی سەر بە ناوچەی مەریوان بە هاتوچۆی ماشینە بارهەڵگرەکانی کانگای بەردی شانشین، هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ناڕازییان و سووکایەتیان پێکردوون.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، زیاتر لە ٥٠ کەس لە هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، هێرشیان کردووەتە سەر دانیشتووانی گوندەکانی سوفی‌بڵە، تازاوا و دەبنیادی سەر بە ناوچەی شارستانی مەریوان و بەو هۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی بریندار کراون.

بەوتەی چەند کەسێکی دانیشتووی ئەو ناوچانە، ماشێنە بارهەڵگرەکانی کانگای بەردی شانشین کە بە ناو ئەو ئاواییانەدا تێپەڕ دەبن ژیانیان لە گوندنشینەکان تێکداوە و تۆز و خۆڵی جادەکەش خەڵکی بێزار کردووە.

ئەو هاووڵاتیانە مەبەستی رزگار بوون لەدەستی تۆز و خۆڵ ماوەی مانگێک دەبوو کە رێگەیان نەدەدا کە ماشێنە باهەڵگرەکان هاتوچۆ بکەن کە لە ئەنجامدا سکاڵەی خاوەن کارگەکەی لێکەوتەوە و هێزە نیزامییەکان رژاونەتە ئەو ناوچانە و خەڵکیان داوەتە بەر لێدان و کوتان.

کەسێکی دانیشتووی یەکێک لەو گوندانە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: تێکهەڵچوون و بێ‌حورمەتیکردن بە هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە قۆناغی لێدان و کوتانیشی بە خۆیەوە بینیوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەک خەڵکی ناڕازی بریندار کراون.
زۆربەی بریندارانی ئەو تێکهەڵچوونە ژنان و منداڵانن و هەتا ئێستا زانیارییەکی ورد لە ژمارەی برینداربووان لەبەردەستدا نییە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە درێژەدا جەختی کردووە لە ئەگەری تەواو نەبوونی توز و خۆڵی ماشینە بارهەڵگرەکانی ئەو کانگایە، ناڕەزایەتی دانیشتووانی گوندەکانی سوفی‌بڵە، تازاوا و دەبنیاد درێژەی دەبێت.

ئەو کانگایە بە کانگای بەردی شانشین ناسراوە و سەر بە ناوچەی ساراڵی مەریوانە.