کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی هاوبەشی حیزبی شیوعی و زەحمەتکێشانی کوردستان لەدەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات

17:08 - 18 پووشپەڕ 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی هاوبەشی حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٤، شاندێکی حیزبی شیوعی كوردستان بە سەرپەرەستی كاوە مەحموود جێگری سكرتێری ئەو حیزبە و بەهمەن حوسێن ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموكراتیان لە کۆیە کرد‌ و لەلایەن هەیئەتێكی حیزبەوە بە سەرپەرەستی بەڕێز مستەفا هیجری سكرتێری گشتیی پێشوازییان لێكرا.

لەو سەردانەدا، شاندە هاوبەشەکە باسێكی سیاسیان لەسەر دۆخی كورد‌ و پرسی دەستوور لە هەرێمی كوردستان ‌و یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پێشکەش کردووە و بیر و ڕای خۆیان لەسەر ئەو بابەتانە باس کردووە ‌و رێگە چارەسەییان لە رێكەوتنێكی گشتگیردا زانی ‌و لەو باوەڕەدا بوون سیستمی سیكولار‌، مەدەنی‌ و دێموكرات دەتوانی دەسكەوتەكانی بزووتنەوەی نەتەوەی كورد بپارێزی‌ و بە سیاسەتێكی واقعبینانەوە كە خوێندنەوەی هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بێت هەنگاو بۆ ئەو پرسە هەڵبگیرێت.

لە بڕگەیەكی دیكەدا، باس لەسەر رەوشی كوردستانی رۆژهەڵات ‌و رەوتی دانیشتنەكانی وڵاتانی 1+5‌ و شوێندانەری ئەو مەسەلەیە لەسەر پرۆسەی سیاسی‌ و ئوپوزیسیونی ئێران کراوە.

لەو بارەیەوە مستەفا هیجری لایەنە ئەرێنی ‌و نەرینییەكانی ئەم رێكەوتنەی ئاماژە پێكرد‌ و ئاماژەی بەوەدا كە كێشەی رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ كۆمەڵگەیی نێودەوڵەتی تەنیا لەسەر پرسی ناوكی نییە لەوانەیە گوشارە ئابورییەكان رێژیم ناچار بكا مل بەم رێكەوتنە بدا‌ و رەوشی شپەرزەی ئابووری ئێران تووشی قەیران كردووە‌ و ئەم رێكەوتننامەیە تەنیا بۆ دەرباز بوون لەو رەوشە خراپەیە.

سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات وتویەتی: مەسەلەی مافی مرۆڤ، سیاستی یارمەتی دانی تیرۆریزم ‌و دەستێوەردانی لە كار‌وباری وڵاتان‌ و زۆر شتی دیكە كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەڕێوە دەچێ‌ لە مەترسییەكانی رێژیمی ئێران لەسەر ئاسایشی ناوچە دێنە ئەژمار.

لەو دانیشتنەدا رەوشی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی رۆژهەڵات ‌و جموجوڵە سیاسی ‌و نیزامییەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران باس كراوە‌ و هاوڕێیانی حیزبی شیوعی کوردستان ‌و زەحمەتكێشانی کوردستان ئەم چالاكییانەیان بەرز نرخاند ‌و لەسەر رۆڵی كاریگەری حیزب لە پرۆسەی سیاسی كورد ‌و خزمەتەكانی حیزب بە خەباتگێرانی پارچەكانی دیكەی كوردستان دواون.

هەر دوو حیزب شیوعی و زەحمەتکێشان پشتیوانی سیاسی خۆیان لە خەباتی گەلی كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات ‌و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەربڕی.