کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستی یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران سەبارەت بە تێکدانی نوێژخانەی سوننە مەزهەبەکان

17:49 - 10 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران سەبارەت بە تێکدانی نوێژخانەی سوننە مەزهەبەکان لەتاران، لە راگەیەندراوێکدا پەرچەکرداری خۆی نیشان دا و هاوکاتیش مەحکوومی کرد.

لەبەشێکی راگەیەندراوەکەی یەکیەتی زانایاندا هاتووە: کردەوە و کاری لەم چەشنە بۆ ئەو رێژیمە دژە مرۆییە تازەگی نییە و هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە بە سەدان جار بێ‌رێزی بە شوێنە پیرۆزەکانی مەزهەب و ئایینە جیاوازەکان کردووە.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

مامۆستایانی ئایینی جیهانی ئیسلام و کوردستان
موسڵمانانی بەڕێز

بەپێی زانیارییەک کە لەسایتی سوننی ئانلاینەوە بڵاو بووەتەوە، رێژیمی دژە ئایینی کۆماری بە نێو ئیسلامیی ئێران رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٧ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، دەستی بە رووخاندنی تەنیا شوێنی نوێژکردنی موسڵمانانی سوننە مەزهەب لەتاران کردووە و ئەمە لەحاڵێکدایە کە زیاتر لە چوارملیۆن سوننە مەزهەب لەو شارە نیشتەجێن، دیارە ئەو کردەوە و کارانەی ئەم رێژیمە دژە مرۆییە تازەگی نییە و هەر لە سەرەتای دامەزرانی بە سەدان جار بێ‌رێزی بە شوێنە پیرۆزەکانی مەزهەب و ئایینە جیاوازەکان کردووە و هەر لەرووخاندنی مزگەوتی سەڵماسەوە بگرە هەتاکوو تێکدانی شوێنە پیرۆزەکانی ئایینە جیاوازەکان.

ئەوەش لە حاڵێکدایە ساڵانە ئەو رێژیمە بۆ فریودانی خەڵکی ساویلکەی ئێران و جیهانی ئیسلامی باس لە وەحدەت و یەکبوون دەکات، یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران وێڕای ئیدانەکردنی ئەو کردەوە دژە ئایینییەی کۆماری بە نێو ئیسلامیی ئێران، داوا لە هەموو مامۆستایانی ئایینی جیهانی ئیسلامی و موسڵمانانی کوردستان دەکات لە بەرانبەر ئەم هەڵویستەی رێژیمی ئێران بێ‌دەنگ نەبن و دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕن کە ئەوە ئەرکێکی ئایینی و ئەخلاقییە.

یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی