کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیروان نژاوی زیندانیی سیاسیی کورد لە تەورێز ئێعدام کرا

16:58 - 19 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: سیروان نژاوی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، لە زیندانی شاری تەورێز حوکمی سێدارەکەی بەڕێوە چوو.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٨ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی سیروان نژوای لە زیندانی تەورێز ئێعدام کرا.

سیروان نژوای لە رێکەوتی ١٤ی پوشپەڕی ١٣٩٠ی هەتاوی لە شاری کەرەج دەستبەسەر و بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لەحیزبە کوردییەکانی دژبەری رێژیمی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کرا.

حوکمی ئێعدامی سیروان نژاوی لە رێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩١ی هەتاوی لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەوادی‌کیا پەسند کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بە بێ پارێزەر لە کاتی دادگایی‌کردنیدا بە ئێعدام مەحکوم کرا و پاشان ئەو حوکمە لە لقی ٣١ی دیوانی باڵای رێژیمی ئێران تەئید کرایەوە.

سیروان نژاوی پێشتر لە کۆتاییەکانی مانگی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، وێڕای ئیبڕاهیم عیسی‌پوور، سامان نەسیم،عەلی ئەفشاری، حەبیبووڵا ئەفشار و یونس ئاقاییان بۆ شوێنێکی نادیار راگواستران کە دواتر عەلی ئەفشاری و حەبیبوڵا ئەفشاری ئیعدام کران.