کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغی/ لەسەر لووتەکەی چیای دەماوەند ئاڵای کوردستان هەڵکرا

17:34 - 26 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: بە بۆنەی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لەشار و گوندەکانی کوردستان، هەروەها شارەکانی دیکەی ئێران چالاکی تەبلغییان بەڕێوە بردووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامان، لایەنگران و تێکۆشەرانی دێموکرات رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی بە بۆنەی ٧٠ ساڵەی تەمەنی پڕ شکۆی حیزبی دێموکراتی کوردستان تراکت و پوستێری تایبەتیان لەچەندین شاری کوردستان بڵاو کردووەتەوە و ئاڵای کوردستانیان لە دەماوەند هەڵکردووە.

رۆڵە قارەمانەکانی بە ئەمەگی دێموکرات بە بۆنەی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتەوە رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەسەر لووتکەی چیای دەماوەند کە بەرزترین چیای ئێرانە ئاڵای کوردستانیان هەڵکردووە.

چیای دەماوەند بە بەرزایی زیاتر لە پێنج هەزار و ٦٠٠ میتر لە ٦٩ کیلۆمیتری باکووری رۆژهەڵاتی تاران و ٦٢ کیلۆمیتری باکووری ئامول لەئوستانی مازەندەران هەڵکەوتووە.

بۆکان
رۆڵەکانی دێموکرات لەناوچەی چۆمی مەجیدخان لە نێوان ئاواییەکانی حاجی‌لەک و سەرچنار بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ئاڵای کوردستانیان هەڵكردووە و هەروەها ئێوارەی هەمان رۆژ لەسەر تاڤگەی سەیرانگای کێوەڕەشی بۆکان بۆ جاری دووهەم ئالای کوردستانیان شەکاندووەتەوە.

لەو پێوەندییەدا، هێزەکانی رێژیم بۆ گوشار خستنە سەر هاووڵاتیان لەشاری بۆکان هێڵی ئینتێرنێتیان پچڕاندبوو.

لەدرێژەی چالاکیی تەبلیغی بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ژمارەیەک لەئەندامانی حیزب، کەسایەتی فەرهەنگی و زانکۆیی لەشارەکانی ئورمیە، شنۆ، مەهاباد و بۆکان چوونەتە سەر کێوی داڵانپەڕ لە سێ‌سنوور و بە خوێندنەوەی شێعر و پەخشان و هێنانە بەرباسی هەل‌ومەرجی ئێستای قۆناغی خەباتی نەتەوەیی کورد بە گشتی و بە تایبەت خەباتی خوێناوی حیزبی دێموکرات یادی ٢٥ی گەلاوێژیان بەرز راگرتووە و پەیمانی وەفاداریان لەگەڵ حیزب نوێ کردووەتەوە.

سەقز
ئەندامانی و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بۆ چەندەمین جار لەشاری سەقز بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و پوستێر و وێنەی تایبەت بەو رۆژەیان بڵاو کردەوە و دروشمی وەک سڵاو لە حیزبی دێموکرات دامەزرێنەری کۆماری کوردستان، حیزبی دێموکرات یانی ٧٠ ساڵ خەبات و کۆڵنەدانیان نووسیووەتەوە.

هەروەها لەچەندین گەڕەکی ئەو شارە وەک حەماڵ‌ئاوا، شاناز، نەشمیلان، سیلۆ و کەریم‌ئاوا بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ چالاکیان ئەنجام دا.

نەغەدە
رێبورانی رێگەی دێموکرات بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ شەوی هەینی رێکەوتی٢٣ی گەلاوێژ سەرەڕای زاڵ بوونی کەش‌وهەوای ئەمنیەتیی ٢٥ باڵۆنیان لەشوێنەکانی وەک دەورووبەری پارکی موعەلیم هەڵداوە، بە چەشنێک کە بە ئاسمانی شارەوە نەخشابوون و بە روونی دەبیندران .

لەگوندەکانی وەزنێ و حەلبێ و کویکانی نەغەدەش ئاگری ٢٥ی گەلاوێژ هەڵکرابوو.