کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ پارتی چەپی سوسیالیستی نۆروێژ

16:52 - 29 گەلاوێژ 2715

کوردستان میدیا: هەیئەتێک بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ لەگەڵ هەیئەتێکی حیزبی چەپی سوسیالیستی نۆروێژ، چاوپێکەوتنی پێک هێنا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٩٤، هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستی عەزیم ئەلیاسی نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب، لەسەر داوای فەرمیی حیزبی چەپی سوسیالیستی نۆروێژ لەئۆسلۆ چاوپێکەوتنیان پێک هێنا.

لەو دیدارەدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات لەلایەن هەیئەتی پێوەندییەکانی حیزبی چەپی سوسیالیستی نۆروێژەوە بە سەرپەرەستی یەرموند سکۆر پێشوازیان لێکرا.

لەو چاوپێکەوتنەدا، بارودۆخی هەر چوار پارچەی کوردستان، جێگیربوونی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە سنوورەکان، رێککەوتنامەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەک، دۆخی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاڵۆزییەکانی وڵاتانی ناوچەکە، بە وردی باسیان لەسەر کرا.

بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی چەپی سوسیالیستی نۆروێژ، لەو دانیشتنەدا پشتیوانی خۆی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ سەرکەوتنی خەباتی نەتەوایەتیی گەلی کورد دەربڕیوە.