کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەکی سیاسیی کورد حوکمی سێدارەکەی چووە قۆناغی جێبەجی کردنەوە

17:42 - 4 خەرمانان 2715

کوردستان میدیا: حوکمی لەسێدارەدانی بێهرووز ئاڵخانی زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ئورومیە جێبەجێ کرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی رابردوو بێهرووز ئاڵخانی لە بەندی ١٢وە بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی دەریا گواستراوە و سەرلە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە سێدارە دراوە.

9905.jpg
کۆبوونەوەی بنەماڵەی ئاڵخانی لەبەردەم زیندانی دەریا

حوکمی سێدارەی بێهروز ئالخانی ئەو زیندانییە سیاسییە لەگەڵ ٥ زیندانی دیکە کە بە تاوانی بازرگانی بە مادە سڕکەرەکان لەگرتووخانەی ئورومیەدا راگیرابوون جێبەجێ کرا.

دەوترێت کە بنەماڵەی بێهرووز ئاڵخانی بۆ وەرگرتنت تەرمی رۆڵەکەیان لەبەردەم زیندانی دەریا کۆبوونەتەوە.

ئەندامێکی بنەماڵەی ئاڵخانی لەوتووێژ لەگەڵ کانوونی بەرگری لەمافی مرۆڤی کوردستان، لە سێدارەدانی بێهرووزی پشتڕاست کردووەتەوە و رایگەیاندووە کە بەرپرسانی زیندان بە ئێمەیان وتووە کە بۆ وەرگرتنی تەرمی بێهرووز سەردانی زیندان بکەن.

سەر لە ئێوارێی رۆژی سێشەممە، رێکەوتی ٣ی خەرمانان، بنەماڵە و کەسوکاری ئەو زیندانییە تەمەن ٣٠ ساڵەیە لە بەردەم زیندانی دەریا لەئورمیە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبردووە و خوازیاری راگرتنی حوکمی سێدارەی کوڕەکەیان بوون.

هەر لەم پەیوەندییەدا، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا داوای لە بەرپرسانی رێژیمی ئێران کردبوو کە بێهرووز لەسێدارە نەدەن.

بێهرووز ئاڵخانیکوڕی فارس خەڵکی شارستانی سەڵماس، لەرێکەوتی ٧ی رێبەندانی ١٣٨٨ی هەتاوی، لەشاری سەڵماس بە تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لەحیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراوە.

ناوبراو لەماوەی دەستبەسەری لەگرتووخانەکانی رێژیمی ئێران لە شاری سەڵماس، خۆی و ئورمیە کەوتووەتە بەر ئەشکەنجە و دەست و لاقێکی شکابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە پاش چەند مانگ راگرتنی لەگرتنگەکاندا بە تۆمەتی دەست تێدا بوون لە کوشتنی دادستانی گشتی شاری خۆی بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

بێهرووز ئاڵخانی دوای ناڕەزایەتی دەربڕین بە حوکمەکە لەلایەن لقی ١٠ی دادگای پێداچوونەوەی ئینقلابی ئورمیە، حوکمەکەی وەکوو خۆی پشتڕاست کرایەوە.