کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری سەرکۆماری ڕووسیە لەگەڵ ساڵح موسلیم لە فەرانسە دیداری کرد

21:25 - 18 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: جێگری سەرکۆماری ڕووسیە لەگەڵ ساڵح موسلیم لە فەرانسە دیداری کرد و لەسەر پرسی شەڕ دژی داعش گفتوگۆیان کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیە بڵاوی کردەوە کە ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی، میخائیل بوگدانۆف نێردراوی تایبەتی سەرکۆماری ئەو وڵاتە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئافریقایی، لەگەڵ ساڵح موسلیم سەرۆکی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کوردی سوریە (PYD-S) لە پاریس دیداریان پێک‏هێناوە.

لەو دیدارەدا تەوەری سەرەکیی باسەکانیان، شەڕ دژی داعش بووە.

پێشتریش سیبان حەمۆ فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل لقی نیزامیی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کوردی سووریە داوای چەک‌وچۆڵی لە ڕووسیە کردبوو.

هەروەها ئیدریس ناسان بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کوردی سوریە، لە کۆبانێ ڕاێگەیاندبوو کە ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەر کەسێک کە دژی داعش شەڕ دەکات هاوکاری بکەین و ئێمە ئێستا لە ئامریکا و هێزەکانی پێشمەرگە یارمەتی وەردەگرین.

شایانی باسە دەستێوەردانەکانی ڕووسیە لە سووریە، ناڕەزایەتی چەندین وڵاتی لێکەوتووەتەوە و دوایان لەو وڵاتە کردووە کە دەست لە بۆردومانکردنی سووریە بکێشێتەوە.

ڕووسیە بە ئامانجی شەڕ دژی داعش، دەستێوەردانی نیزامی لە سووریەدا دەست پێکرد، بەڵام زۆربەی هێرشە نیزامییەکانی ئەو وڵاتە و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیە بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆنی سووریە بووە کە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە پشتیوانی دەکرێن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند: تەنیا لەسەدا پێنجی هێرشەکانی ڕووسیە بۆ سەر گروپە تیرۆریستییەکان بووە.
هەروەها دەوڵەتی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە بە جێگای ڕاهێنانی نیزامیی دژبەرانی ڕێژیمی ئەسەد، چەک‌وچۆڵ بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سووریە دابین دەکات.