کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی مەجلیسی رێژیم گەیشتە هەڕەشە و گوڕەشە

20:59 - 21 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەی تاوتوێ کردنی بەرجام لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، بووە شوێنی هەڕەشە و چاوترسێن کردنی باندەکانی ڕێژیم لە بەرانبەر یەکتری‏دا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی خەبەر ئانلاین، لە دانیشتنی ڕۆژی یەکشەممەی مەجلیسی شورای ئیسلامی بۆ تاوتوێ کردنی گەڵاڵەی ڕێککەوتنی ناوکی ناسراو بە بەرجام، لە لایەن ئاخوند روح اللە حسینیانەوە هەڕەشەی کوشتن لە عەلی ئەکبەر ساڵحی بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ناوکی کرا.

لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم هەواڵەدا، مەجید ئەنساری، جێگری پارلمانی دەوڵەتی ڕووحانی دەڵێت: هەندێک کەس لە مەجلیس‏دا،بە ئاشاکرا هەڕەشەی ئێعدامیان لە زەریف و ساڵحی کردووە. ئەنساری لە بەردەم ڕۆژنامەنوسان‏دا دەڵێت: بەداخەوە یەکێک لە نوێنەرەکان، هەڕەشەی کوشتن و ئێعدامی لە ساڵحی و زەریف کرد.

ئەو نوێنەرە گوتی کە: هەردووکتان ئێعدام دەکەم و لە رێئاکتۆری ناوکیی ئەراک‏دا دەتاننێژم و سیمانیش بەسەر گۆڕەکەتان‏دا دەکەم. کمال الدین پیر موذن،نوێنەری شاری ئەردەبیل لە شرۆڤەی باسەکەدا دەڵێت: ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی مەجلیس‏دا، روح اللە حسینیان ڕۆشت بۆ لای ساڵحی و بە داخەوە گوتی: ئەگەر بەرجام بەو ئاکامە کە دەتانهەوێ بگات، تۆ و زەریف دەکوژم و بە سیمان داتاندەپۆشم.

لەم پەیوەندییەدا، غولام ڕەزا تاجگەردوون نوێنەرێکی دیکەی ڕێژیم، لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی ئینستاگرام دەنووسێت: لە حسەینیان پرسیارمان کرد کە بۆچی ئەو قسەیەت کرد؟ وەڵامی دایەوە کە دەمهەویست تووڕەی بکەم کە ئەو کارەشم کرد. ڕۆژنامەی حکوومەتیی جمهوری اسلامیی ئێرانیش لەم بارەیەوە دەنووسێت: ئەو شێوازی وتووێژەێ دوێنێ لە مەجلیس بەکار هێنراوە، مڵهوڕەکانیش بەکاری نابەن.

بەپێی هەواڵی بڵاوکراوەی ئیرنا، ئاخوند حسەینیان کە ڕۆژی ڕابردوو لە مەجلیسی شورای ئیسلامی هەڕەشەی کوشتنی لە ساڵحی کردبوو، دوای بەجێ‏هێشتنی مەجلیس، تووشی نەخۆشیی دڵ هاتووە و هەنوکە لە نەخۆشخانەیە.