کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشی ئیدز لە نێو ژنانی ئێراندا دە بەرابەر زیادی كردووە

15:54 - 10 سەرماوەز 2715

كوردستان میدیا: مینوو موحرەز سەرۆكی ناوەندی لێكۆڵینەوە لە ئیدز لە دیمانەیەكی خۆی لەگەڵ ڕۆژنامەی ئارماندا، سەرەڕای ئەوەیكە بە هۆی كەمكاری و هەوڵنەدان بۆ كۆنترۆڵكردنی نەخۆشی ئیدز ڕەخنەی لە كاربەدەستانی ڕێژیم گرت ڕایگەیاند كە، من لەسەر ئەو باوەڕەم كە تاكە ڕێگای كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشی ئیدز، كۆنتڕۆڵكردنی ڕێژەی موعتادەكانە.

سەرۆكی ناوەندی لێكۆڵینەوە لە نەخۆشی ئیدز هەروەها ڕایگەیاند كە، ڕێژەی تووشبووانی ئیدز لە ئێراندا %٠١، بەڵام نیگەرانیی من ئەوەیە كە ئەو ڕێژەیە بگاتە %١ی تەواوی ڕێژەی دانیشتووانی ئێران.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند كە، ئێمە لەگەڵ شەپۆلێكی دیكە بەرەوڕووین، ئەویش ئەوەیە كە شێوەی بەكاربردنی مادەی هۆشبەر لە حاڵەتی سوننەتیەوە گۆڕاوە و جێگەی داوە بە شێوەی ڕەوانگەردان. بۆیە مادە ڕەوانگەردانەكان قووڵایی تووشبوون بە نەخۆشی ئیدز زیاتر و توندتر دەكات.

ناوبراو هەروەها زیادی كرد كە، ئاماری تووشبوانی ئیدز لە نێو پیاواندا زۆر زیاتر بوو لە ژنان، واتە%96 لە تووشبووانی ئیدز لە ئێراندا پیاو بوون و تەنیا ٣ تا %٤ ژن بوون. بەڵام ئێستا ئامارەكان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و ڕێژەی پیاوان كەم بۆتەوە بۆ %٨١ و ڕێژەی ژنان زیادی كردووە بۆ %١٩ ، كە ئەوەش زەنگێكی مەترسییە بۆ كاربەدەستانی ئێران كە دەبێ ئاگاداری بن.