کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیلام/ پڕوپاگەنەدەی ئەندامانی بەسیج دژ بە حیزبە کوردییەکان

15:34 - 17 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی و خوبرەگان لە ئێران، ڕێکخراوی بەسیج لە پارێزگای ئیلام، دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی تراکت و نووسراوە لە دژی ئۆپۆزیسیونەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوخەڵکدا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕێکخراوی بەسیج سەر بە سپای پاسداران، لە پارێزگای ئیلام بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێر لە نێو خەڵکدا، حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە خائین و کافر ناوبردووە.

ڕێکخراوی بەسیجی ئەو پارێزگایە، لەو تراکت و نووسراوانەدا هەوڵی چەواشەکاریی و بەلاڕێدا بردنی مێژووی حیزبە کوردییەکانی داوە و بە دوژمنانی ئیسلام ناوی بردوون و لەو ڕێگایەوە دەیهەوێ هەستی ئایینیی خەڵک بەرانبەر بە حیزبە کوردییەکان ببزوێنێ.

هەر لەو بڵاوکراوانەدا، ڕێبەرانی کوردی وەک دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو و فوئاد مستەفا سوڵتانی، ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی بە خائین و کافر ناوبردووە.

ئەو تراکت و نووسراوانە، لە شەقام و لە شوێنە گشتییەکاندا، بە شێوەی ئاشکار لە لایەن ئەندامانی بەسیجی ئەو پارێزگایەوە بڵاو دەبێتەوە.

هەندێک لەو نووسراوانە نهێنی و تایبەت بوونە بۆ ڕێنمایی ئەندامانی بەسیجی ئەو شارە، کە ڕێکارگەلێک بگرنەبەر بۆ یەک‏نەگرتنی حیزبە کوردییەکان و چۆنیەتیی نفووز کردن لە ناو ئەو ڕێکخراوانەدا.

شایانی باسە، ئەم هەوڵەی بەسیج، بەرپەرچدانەوەی بایکۆتی هەندێ لە حیزبە کوردییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژبەری ڕێژیم لە مەڕ هەڵبژاردنەکانە.