کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی ڕۆژهەڵات بەپیری پەیامی نەورۆزی حیزبی دێموکراتەوە هاتن

17:14 - 9 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: لاوانی کوردستان لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوەی وێنە و فیلمی تایبەت ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێ کردنی بڕیاراتی حیزب دەربڕی.

پاش پەیامی نەورۆزی بەڕێز مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەمەڕ گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ نێوخۆی وڵات، لاوانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی کوردستان لە چەندین شار لەوانە ورمێ، سەڵماس، مەهاباد، شنۆ، نەغەدە، سنە، بۆکان، سەقز، مەریوان، پاوە، کرماشان، ئیلام و هتد بە شێوازی جۆراوجۆر بە پیری پەیامە نەورۆزییەکەی سکرتێری گشتی حیزبەوە هاتن.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵدا ڕایگەیاند پەیامی ئێمە لە جێژنی نەورۆزدا ئەوەیە کە؛ دەنگ و توانامان لە شاخ و شاردا ڕێکبخەین بۆ پێکهێنانی هێزێکی پتەوی چارەنووسساز کە ژیانێکی نوێمان بۆ بنووسێتەوە، ژیانێکی دوور لە ملکەچی و بێ‏مافی.

حیزبی دێموکرات ئەو تواناییە لە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا دەبینێ و لە زۆرێک لە ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردوودا شاهێدی نیشاندانی ئەو توانایانە بووە، بۆیە پێمان وایە کە هەموومان پێکەوە دەتوانین نەورۆز و ساڵی نوێی ١٣٩٥ی هەتاوی بکەینە ساڵێکی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو و بە پەیام و پەیمانێکی هیوابەخش، بۆ ژیانەوەی سەربەرزانە.

ناوبراو ڕوو لە لاوانی بەهەست و سەرکوتکراوی خۆرهەڵات ڕایگەیاند: ئێمە لە جێژنی نەورۆزەدا ئەو پەیامەتان ئاراستە دەکەین و لەبەرداین لەوساڵدا دەرفەتتان بۆ بڕەخسێنین کە لە ساڵی نوێ‏دا پەیوەست بن بە ڕیزی پێشمەرگەکانی دێموکرات بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانی سەربەرزانە و بەجێ‏هێشتنی هەرچی سەرشۆڕیی و دواکەوتووییە.

ڕووناکبیران، کرێکاران، بازاڕییان و بە گشتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا پێویستە یەکگرتووانە لە دژی زەوتکردنی مافەکانیان وەدەنگ بێن و تەواوکەری خەباتی ئازادیخوازی یەکتر و خەباتی شاخ بن.

دڵنیاتان دەکەینەوە توندوتیژی ڕێژیم دژ بە ئازادیخوازان نەک نیشانەی هێز و توانا، بەڵکوو نیشانەی ئەوپەڕی ترسنۆکی و نیگەرانی لە خەڵکە، بۆیە خەباتی یەکگرتووانەی ئێوە هێندەی دیکە ورەی ڕێژیم دادەبەزێنێ و داماوی دەکا. بۆ ڕزگاری بێجگە لەوە ڕێگایەکی دیکەمان نیە و ئەزموونی خەباتی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش هەر ئەو ڕێگایەمان پێ نیشان دەدا.

پێویست بە ئاماژەیە کە دوابەدوای پەیامی کاک مستەفا هیجری و پێشوازی بێ وێنەی خەڵکی کوردستان لەم پەیامە هێزە سەرکوتکار و سەربازییەکانی ڕێژیم وەخۆکەوتوون و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی هاتوونەتە سەر هێڵ.