کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕۆکەیەکی شەڕکەری دیکەی ئەرتەشی ڕێژیم کەوتە خوارەوە

21:54 - 9 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: لە درێژەی ڕەوتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە لە ئێران‏دا، فڕۆکەیەکی شەڕکەری هێزی هەوایی ڕێژیم لە ئیسفەهان کەوتە خوارەوە.

بەپێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی سەربە ڕێژیم، ئەم فڕۆکەیە لە جۆری F7 و بەرهەمهێنراوی ئامریکا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم فڕۆکە شەڕکەرە F7ە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوار‏شەممە، ٨ی بانەمەڕ لە پایەگای هەشتەمی شکاریی هێزی هەوایی ئەرتەش لە ئیسفەهان، فڕینی ڕاهێنانیی خۆی دەست پێ کردووە و پاش ماوەیەکی کورت، بەهۆی کەموکووڕیی تکنیکییەوە، تووشی کێشە بووە و کەوتۆتە خوارەوە، بەڵام هەردووک فڕۆکەوانەکەی، خۆیان بە پەڕەشووت دەرباز کردووە.

لە ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداراندا هاتووە کە؛ ئەم فڕۆکە شەڕکەرە بە ٢ سەرنشینەوە کاتژمێر ٩ و ١٥ خولەکی سەرلەبەیانیی چوارشەممە لە فڕۆکەخانەوە هەستاوە و کاتژمێر ٩ و ٥٨ خولەک لە شاخەکانی نائین(٤٠ کیلۆمیتریی شاری نائین) کەوتۆتە خوارەوە.

ئەم ڕاپۆرتە ئەوەشی زیاد کردووە کە ئەم فڕۆکە شەڕکەرە بەرەو گۆڕەپانی تیر انارک هەستاوەتەوە و دەشڵێت کە بەهۆی چۆڵەوار بوونی شوێنی کەوتنەخوارەوەی، ئەم ڕووداوە هێچ خەسارێکی بەدواوە نەبووە.

پرتووکاویی بەرهەمە پیشەسازییە هەواییەکان و دەستەوەستانیی ڕێژیم لە نۆژەن‏کردنەوەیان، بێتوانایی نێوخۆیی لە بەرهەمهێنان و گۆڕینی پارچە پرتووکاو و ڕزیوەکانی فڕۆکەکان و هەروەها گەمارۆ نێونەتەوەییەکانی سەر کڕین و هەناردە کردنی چەکوچۆڵ بۆ ئێران، بوونەتە هۆی ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا، هەموو جۆرەکانی فڕۆکە، بریتی لە نەفەر هەڵگر و شەڕکەر، بە بەردەوامی ئەمنییەتی فڕین لە ئەسمانی ئێرانیان تێکداوە و دڵەڕاوکێی جیدیی سەبارەت بە توانای شەڕی هێزی هەوایی ڕێژیم لە ئارادایە.