کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەكیەتیی خوێندكاران: داوا لە خوێندكاران دەكەین بە پەیوەستبوون بە ڕیزەكانی خەباتەوە، بۆ شكاندنی هەیمەنە و سامی خەیاڵیی دوژمن، ببنە پێشەنگ

15:39 - 12 بانەمەڕ 2716

كوردستان میدیا: یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی ١٢ی بانەمەڕ، ڕۆژی خوێندكاری كورد، پەیامێكی بڵاو كردەوە.

دەقی ئەو پەیامە بەم چەشنەیە:

خوێندكارانی دەروەست و مافخوازی كوردستان!


ئەوڕۆ ٤٨ ساڵ بە سەر شەهیدبوونی خوێندكاری شۆڕشگیڕی كورد سمایل شەریفزادەدا تێپەڕ دەبێ كە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی چەكدارانەی ٤٦ـ٤٧دا دژ بە داگیركاری و ستەمی ڕێژیمی پاشایەتی، گیانی پاكی خۆی لە پێناوی ئامانجی پیرۆزی ڕزگاریی كوردستاندا بەخت كرد.

باسكردن لە سەر لایەنە جۆراوجۆرەكانی خەبات و كەسایەتیی شەریفزادە و هۆكارەكانی دیاریكردنی ئەو وەكوو هێمای خەبات و هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی خوێندكاری كورد بابەتێكە كە بە سەرنجدان لە دۆخی ئێستای وڵات و قۆناغی نوێی شۆڕشی گەلەكەمان لە كوردستانی خۆرهەڵات پێویستی بە ئاوڕدانەوە و هەڵوەستەیەكی جیددی هەیە.

قۆناغێك كە شەریفزادە و هاوڕێیانی چ لە زانكۆكانی نێوخۆی وڵات و چ لە ڕیزی شۆڕشگێڕانی چیا سەركەشەكانی كوردستاندا سەرەڕای كەشی میلیتاریزەكراوی وڵات و گوشار بۆ سەر شۆڕشگێڕانی كورد لەگەڵیدا بەرەوڕوو بوون، قۆناغێك بوو كە هەموو دەرفەتەكانی خەباتی سیاسیی یاسایی و هەموو درگاكانی جموجۆڵ و چالاكیی ئازادانە لە نێوخۆی وڵاتدا داخرابوون و ڕێژیمی پەهلەوی بە زەبروزەنگ و تۆقاندن، دۆخێكی پێك هێنابوو كە تێیدا خۆی بە دوورگەی ئارام و ژاندارمی ناوچەكە لە قەڵەم دەدا و نكۆڵیی لە هەبوونی هەر جۆرە بزاڤ و جووڵە و ناڕەزایەتییەك دەكرد كە خەونی ئەو دوورگە ئارامەی لێ ئاڵۆز بكات.

بەڵام ئیرادە و وزەی شۆڕشگێڕانەی كۆمەڵێك بژاردەی دەروەستی وەك شەریفزادە و ڕێبەرانی دیكەی كۆمیتەی ئینقلابیی حیزبی دێموكرات، دەنگی ناڕەزایەتی و هاواری مافخوازیی نەتەوەیەكی بندەست بوو كە خەونی مەزنیخوازانەی ئەو دەسەڵاتە ملهوڕەی تێك دا.

شەریفزادە لە نامەیەكدا بۆ ڕێبەری هەڵكەتووی گەلەكەمان، شەهید دوكتور قاسملوو وێڕای شیكردنەوەی بارودۆخی ئێران و كوردستان لە بەرەبەری هەڵگیرسانی شۆڕشی چەكدارانەی ٤٦ـ٤٧دا، پێداگری لەسەر پێویستیی بەشداریی چالاكانەی ڕووناكبیران و توێژی بژاردەی كۆمەڵگا لە ڕەوتی خەباتی مافخوازانەی نەتەوەكەماندا دەكاتەوە و دەڵێ:
ئەوڕۆ تۆفانێكی بە تەوژم سەرانسەری وڵاتەكەمانی داگرتووە و هەموو لایەك بە ئومێدێكی بێ پایانەوە دەڕواننە خەباتی نەتەوەكەمان و ئەگەر بێت و بە شێوەیەكی عیلمی و دڵسۆزانە بەڕێوە ببرێت و دڵسۆزان و تێگەیشتوو و پێگەیشتووە سیاسییەكان و ڕووناكبیرە شۆڕشگێڕەكان بێنە كایەوە و جڵەوی كارەكان بە دەستەوە بگرن، ئەودەم داری هومێدی هەموو لایەك وە بەر دێ و نەتەوەكەمان بە ئامانجی خۆی دەگات.

ڕەنگە لەو كاتەدا زۆربەی چاوەدێرانی سیاسی بە بیستنی وەها خوێندنەوەیەك لە بارودۆخەكە، نووسەری ئەو دێڕانەیان بە ژیان لە نێو فانتازیا و خەیاڵدا تۆمەتبار كردبێت و ئەوەیان بە سیاسەتێكی بەرزەفڕانە و شەڕێكی پڕتێچووی بێ سوود لە قەڵەم دابێت، بەڵام ئەوەی كە لەو جۆرە لێكدانەوانەدا كەمتر بایەخی پێ دەدرێت، ڕۆڵی ئیرادە و باوەڕبەخۆبوونی مرۆڤ لە بەرەنگاربوونەوەی سەختی و نەهامەتییەكاندایە كە زۆر جار تەنانەت ئەگەر لە كورتخایەندا تووشی شكستی بكات، لە درێژخایەندا دەبێتە هەوێنی سەرهەڵدان و بووژانەوەی خەباتێكی مافخوازانەی بەهێز و سەركەوتوو.

هەنووكەش ئەگەرچی شەریفزادە و هاوڕێیانی بە ڕواڵەت و جەستە لە نێوماندا نەماون، بەڵام ڕێڕەوی خەباتێك كە ئەو و هاوڕێیانی گرتیانە بەر، بۆتە كاروانەڕێی سەدان و هەزاران تێكۆشەری ڕێگای ئازادی و شێوازی خەباتی ئەوان و خاڵە بەهێز و لاوازەكانی ئەو بزووتنەوەیە تا هەنووكەش قوتابخانەیەكی مەزن بۆ تێكۆشەرانی ڕێگای ئازادییە.

ئەمڕۆ لە كاتێكدا یادی شەریفزادە و هاوڕێیانی شەهیدی دەكەین و لەگەڵ ئامانجە مرۆییەكانیان پەیمان نوێ دەكەینەوە كە ئێران و كوردستانی خۆرهەڵات لەگەڵ بارودۆخێكی هاوشێوەی ئەو سەردەمە بەرەوڕوون. لە ئێراندا ڕێژیمێك لە سەركارە كە خۆی بە كوێخای ناوچە دەزانێ و بە پێكهێنانی دۆخی سەركوت و زەبروزەنگ لە نێوخۆی وڵاتدا و هەناردەكردنی قەیران و ئاژاوەی بەناوشۆڕش بۆ وڵاتانی دەوروبەر وا نیشان دەدات كە تاقە وڵاتی سەقامگیر و تەنیا دەسەڵاتی بێ كێشە لە ناوچەدایە و هیچ پرسێكی سیاسیی جیددی كە دەربڕی ناڕەزایەتی بێت، لە ئێراندا بوونی نیە.

لە وەها قۆناغێكدا ئێمە وەكوو یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران كە خۆمان بە درێژدەری ڕێگای شەریفزادە و هەموو شەهیدانی بزاڤی ئازادیخوازانەی كورد دەزانین، داوا لە سەرجەم خوێندكاران و توێژی بژاردەی كۆمەڵگاكەمان لە كوردستانی خۆرهەڵاتدا دەكەین ئەمساڵ بە پەیوەستبوون بە ڕیزەكانی خەباتێكی جیددییەوە چ لە نێوخۆی شار و گوند و زانكۆكاندا و چ لە ڕێزی تێكۆشەرانی شاخدا، بۆ شكاندنی هەیمەنە و سامی خەیاڵیی دوژمنی داگیركەر ببنە پێشەنگ و بە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەیان ڕیزەكانی خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەكەمان پتەوتر و بە چەكی زانست و وشیاریی سیاسی تەیارتر بكەن.

بەرز و بەڕێز بێت یادی شەهید سمایل شەریفزادە و هەموو شەهیدانی خوێندكاری كورد

سەركەوێ خەباتی هاوبەشی مافخوازانەی هەموو چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان

یەكیەتی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
١٢ی بانەمەڕی ٢٧١٦ی كوردی
١ی مەی ٢٠١٦ی زایینی